سەردێڕ:

سلێمانی.. لە سێ مانگدا ٨٣ کەس بەهۆی راوەماسی نایاسایی دەستگیرکراون

فۆتۆ: 
2019-06-13

771 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماری کاروچالاکییەکانی سێ مانگی قەدەغەکردنی راوەماسی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لەو ماوەیەدا ٨٣ کەس بەهۆی راوەماسی نایاسایی دەستگیرکراون.

هێمن کمرخان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی سێ مانگی وەرزی قەدەغەکردنی راوەماسیدا هێزەکانیان دەستیانگرتووە بەسەر ٩٣٢ تۆڕدا کە لە کاتی راوەماسیدا بەشێوەیەکی نایاسایی بەکارهێنراون.

باسی لەوەشکرد، دەستیشگیراوە بەسەر ١٠ ئۆتۆمبێلدا کە راوچییەکان لە کاتی راوەماسیدا پێیانبووە و ١١ بەلەمی چوپ و ٩ بەلەمی ئاسنی ئەو کەسانەش ئێستا لەلای پۆلیسی دارستان و ژینگەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەستیانگرتووە بەسەر ٥٢٦ ماسی قەبارە جیاوازیدا و ١٠٠ ماسی قەبارە جیاوازیشیان خستۆتەوە ناو رووبارەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بەهۆی دانانی گەرای ماسییەوە ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئازار تاوەکو ١٥ی حوزەیران وەرزی راوەماسی قەدەغەدەکرێت، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان پابەندی بڕیارەکە نەبوون و لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەوە دەستگیرکراون.

هـ.ع