سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر لایەنی دەروونی هاوڵاتیانی عێراق چی بووە؟

فۆتۆ: 
2019-06-13

763 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو کەسانەی نیشتەجێی ناوچەکانی جەنگن لە کۆی پێنج کەس کەسێکیان دوچاری نەخۆشییە دەروونییەکان بوون.

لە راپۆرتێکیدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جەنگ و ئاڵۆزی لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لە هەر یەک لە وڵاتانی عێراق، سوریا، سودانی باشوور، یەمەن و ئەفغانستانی کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی لەو وڵاتانەدا دەژین کاریگەربوون، توشی نەخۆشییەکانی زەبری دەروونی، کەسایەتی دوو جەمسەری (بایپۆلار)، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و شیزۆفرینیا بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نەخۆشییەکان بەسەر سێ ئاستی (سوک، مامناوەند، قورس) دابەشکراون، بەجۆرێک لەسەدا ٥ی کەسانی نیشتەجێی ناوچەکانی جەنگ توشی نەخۆشی دەروونی قورسبوون و لەسەدا ١٣یان نەخۆشییەکانیان سوکبووە و لەسەدا ٤ی ئەو کەسانەش لە ئاستێکی مامناوەنددا نەخۆشی دەروونییان هەبووە.

هەر لە توێژینەوەکەدا ئەوەش دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی وڵاتەوە توشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بوون لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیاندا حاڵەتەکانیان خراپتربووە و نەخۆشی خەمۆکیش لەناو ژناندا زیاتر بڵاوە وەک لە پیاوان.

 تیمی پسپۆڕانی دەروونی لە ڕێکخراوەکە باسیان لەوەکردووە، بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەیانەوە لە بارێکی مرۆیی قورسدا دەژین، پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی. ڕێکخراوەکە هیواشی خواستووە لایەنی دەرەکی دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێی کەسانی کاریگەر تا بتوانرێت هاوکاری دەروونی پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە لە شەڕ و ئاڵۆزیدا دەژین یاخود پێشتر ژیاون.

لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە جیهاندا لە بەرزترین ئاستدابووە بەجۆرێک لەسەدا ١٢ی تەواوی دانیشتوانی جیهان لە ناوچەکانی شەڕ و ئاڵۆزیدا ژیانیان بەسەربردووە، بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە تا ئێستا نزیکەی ٦٩ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ناوچەکانیان جێهێشتووە.

س.س