سەردێڕ:

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئابڵوقەی بەسەر کۆمپانیایەکی عێراقیدا سەپاند

فۆتۆ: 
2019-06-12

5379 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتی هاوکاری و بەقاچاخبردنی چەک بۆ هێزی قودسی سەربە سوپاسی پاسدارانی ئێران، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئابڵوقەی بەسەر دوو کەسایەتی و کۆمپانیایەکی عێراقیدا سەپاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، (١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩) وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، "کۆمپانیای سەرچاوەکانی سامانی باشور" کە بارەگای سەرەکی لە شاری بەغدادە و دوو کەسایەتی عێراقیی خستووەتە لیستی ئەو کەس و لایەنانەی کە هاوکاریی دارایی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن.

وەک لە وێبسایتی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە، هەریەک لە مەککی کازم عەبدولحەمید ئەل ئەسەدی و محەمەد حسێن ساڵح ئەل حەسەنی و کۆمپانیای سەرچاوەکانی سامانی باشور تۆمەتبارن بە هاوکاریکردن و بەقاچاخبردنی چەک بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بۆ هێزی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و  بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە (٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) قۆناغى دووەمى سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە ھەریەکە لە سێکتەرەکانی وزە، دارایی و گواستنەوەی دەریایی لەخۆدەگرێت کە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە ھەڵگیرابوون.