سەردێڕ:

هەولێر.. بەهۆى کەوتنەخوارەوەى ئۆتۆمبێلێکەوە لە شەقامی ١٢٠ مەتری پێشمەرگەیەک گیانى لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-05-26

9702 جار خوێندراوەتەوە

پرسەی ئەفسەرێكی پێشمەرگە بەناوی مەریوان قادر بەڕێوەچوو، كە لەگەڵ هاوڕێیەكی شەوى شەممە لەكاتی تێپەڕبوونی بەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری لە یەكێك لە پردەكان ئۆتومبێلەكەیان كەوتووەتە خوارەوە، بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا و هاوڕێیەكیشی بە سەختی برینداربوو.

كەسوكارەكەی دەڵێن، كەمتەرخەمیی زۆر لە تەواونەكردنی پرۆژەكە هەیە و داوادەكەن بە زووترین کات رێگەکە چاکبکرێت بۆئەوەى کەسى دیکە وەک مەریوان نەبێتە قوربانى.

کەوتنە خوارەوەى ئۆتۆمبێلەکەى مەریوان و هاوڕێکەى لە ماوەی دوو ساڵدا چوارەم رووداوى کەوتنەخوارەوەى ئۆتومبێلە لە پردەکەى شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر لە نزیك نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا، کە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سیانى تریش برینداربوون.

هۆکارى رووداوەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مەرجەكانی هاتوچۆی تێدا نییە و هیچ بەربەستێكی بۆ نەكراوە و ئەو بەشەی شەقامەکەش تا ئێستا كارەكانی كۆتایی نەهاتووە، بەڵام بەڕووی شوفێراندا كراوەتەوە.

قادر سدیق سەرۆكی رێكخراوی سەلامەتی و هۆشیاریی هاتوچۆش ئاشکرایکرد، پێنج کەس لە شاری هەولێر لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی ئۆتومبێل لەو پردەوە گیانیان لەدەستداوە و، هۆكاری ئەو رووداوانەش بۆ نەبوونی هێمای هاتوچۆ و نەبوونی یان خراپی كوالێتیی ئەو مەوادانە دەگەڕێنێتەوە كە وەكو بەربەست لە پردەكان بەكارهێنراون.

ئێن ئاڕ تی چەند جارێك پەیوەندیی بە وتەبێژی هاتوچۆی هەولێرەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو قسە بكات، هەروەها پەیوەندیی بە سەرپەرشتیاری پرۆژەكە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكان و لە ئێستادا دوو قۆناغی پرۆژەكە تەواوبووە تا ئێستا تەواوی پرۆژەكە بەڕووی هاوڵاتییاندا نەكراوەتەوە.

ئ.ر