سەردێڕ:

ناوەرۆکی سەردانی ئەندامێکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق بۆ لای شاسوار عەبدولواحید

فۆتۆ: 
2019-05-26

7709 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤى عێراق لە رێگەى ئەندامێکییەوە، لە ئاسایشى گشتیى سلێمانى بەدواداچوونى بۆ دۆسیەى دەستگیرکردنى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و خۆبەخشانى ئەو حزبە کرد، بەڵام چەند گومان و پێشێلکارییەکى یاسایی بۆ دۆسییەکە زیادکرد.

بەسمە محەمەد ئەندامى کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤى عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەرپرسێکى ئاسایشى سلێمانیی بینیووە لە ئاسایشى گشتى، دواتر چاوى بە شاسوار عەبدولواحید کەوتووە و لەسەر زارى خودى شاسوار عەبدولواحیدەوە دەڵێت، مانەوەى لە زیندانى تاکەکەسی لەسەر داواى خۆى بووە و، هەواڵى مانگرتنى لە خواردن دوورە لە راستییەوە.

بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێک دواى ئەم قسانە، تیمى پارێزەرانى شاسوار عەبدولواحید رایانگەیاند، لەکاتى لێکۆڵێنەوە لە دادگاى سلێمانیدا ئاشکرایانکرد سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ ٤٨ کاتژمێرە مانى لە خواردن گرتووە و بارى تەندروستیى ناجێگیرە و ئەوەش بە رووخسارییەوە دیاربووە، تیمى پارێزەرەکانى دەشڵێن، ئاسایش رێگەى پێنەداون ئامادەی لێکۆڵینەوەکە بن.

وەک لە راگەیەنراوەکەی ئەندامەکەى کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ عێراق هاتووە، بەسمە محەمەد چاوى بە دەستگیرکراوانى نەوەى نوێ کەوتووە و گوایە وتوویانە، لە دۆخێکى باشدان و مامەڵەیەکى مرۆڤانەیان لەگەڵدا کراوە و دواتریش وێنەى خۆى و دوو لە دەستگیرکراوەکانى بڵاوکردووەتەوە.

لە بەدواداچوونەکانى ئەندامەکەى کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ، بە هیچ جۆرێک باسى لە بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆى دانپێدانانى دەستگیرکراوەکان نەکردووە، لەکاتێکدایە وەک پسپۆڕانى بوارى یاسایی و تەنانەت خودى دادگاى سلێمانییش رایگەیاند، لە ھیچ یاسایەکدا نەهاتووە تۆمەتباران دانپێدانانیان بە ئاشکرا بڵاوبکرێتەوە و ئەوە کارێکی نایاساییە و ھەرکاتێک ئەو دەستگیرکراوانە ئازادکران دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن و مافی خۆیان وەربگرنەوە.

بەڵام ئەندامەکەى کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤى عێراق، نەک هەر باسى ئەو پێشێلکارییەى نەکردووە، بەڵکو جارێکى دیکە وێنەى خۆى لەگەڵ دوو لە دەستگیرکراوان بڵاوکردووەتەوە، وەک یاساناسان دەڵێن، ئەو کارەى ئەندامەکەى کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ پێچەوانە و پێشێلکردنی یاسایە، تەنانەت ئەگەر دەستگیرکراوەکان بە ڕەزامەندیى خۆشیان دەموچاویان پیشانبدرێت، هەر نایاساییە.

ئەندامەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق ناوى بەسمە محەمەدە و کادرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە، لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى ٢٠١٤ى پەرلەمانى عێراق، کاندیدى یەکێتى بووە، بەڵام دەرنەچوو، ئێستاش لەسەر پشکى یەکێتى ئەندامى کۆمسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤى عێراقە کە لە نۆ ئەندام پێکهاتووە.

هەر لەوبارەیەوە، سروە عەبدولواحید پەرلەمانتارى پێشووى عێراق دەڵێت، لە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق پشکپشکێنەی حزبی ھەیە و بەسمە محەمەد نوێنەری یەکێتی و ئاسایشە لە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و لێدوانەکانی سیاسین نەک مرۆڤانە.

نزیکەى مانگێکە ژمارەیەک لە خۆبەخشانى نەوەى نوێ دەستگیرکراون و زیاتر لە ١٠ رۆژە سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەستگیرکراوە، بەپێی یاسا ئەم تۆمەتە کە لە چوارچێوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە دەتوانرێت کەسەکە بە کەفالەت ئازادبکرێت.