سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: هەوڵی گەورەمان داوە بۆ هێورکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران

فۆتۆ: 
2019-05-15

6152 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق هەوڵێکی گەورەی داوە بۆ هێورکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و داواشیان لە هەردوولا کردووە ململانێکان بەرەو هەڵدێر نەڕوات.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی هەفتانەیدا باسی لە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و رایگەیاند، " ئێمە پلانێکمان بۆ بابەتی فریاکەوتن داناوە، ئەگەر کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە رووبەڕوونەوە، گفتوگۆشمان لەگەڵ هەردوولا کردووە و هاوکاریان دەبین بۆ ئەوەی کێشەکان نەگاتە هەڵدێر، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە باجێکی گەورە دەدەین، هەوڵێکی گەورەمان بۆ هێورکردنەوەی ململانێکە داوە، لە هەردوولاشەوە ئاماژەی هێوربوونەوەی ململانێکە هەیە".

ئەوەشی خستەروو، " بارودۆخی عێراق جێگیرە، بۆ لایەنی ئەمریکیمان روونکردووەتەوە و چاودێریشمان کردووە کە تا ئێستا هیچ جوڵەیەک نەبووە کە هەڕەشەبێت لەسەر لایەنێکی تر، حکومەت پابەندە بە پاراستنی هەموو ئەوانەی لەسەر خاکی عێراق دەژین، ناکرێت عێراق ببێتە جێگایەک بۆ هەڕەشەکردن لەسەر لایەنێکی تر".

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، " لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا باسیان لە هەڕەشەکان لەسەر ناوچەکە و بابەتی سزاکانی ئێران و هێورکردنەوەی دۆخەکە کردووە "، جەختیشیکردووەتەوە کە "لەو بابەتەدا هەماهەنگییەکی باڵایان کردووە".

روونیشیکردووەتەوە، " لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسیان لە ململانێکە و چۆنیەتی دوورخستنەوەی مەترسیەکان لەسەر عێراق و رۆڵی لە هێورکردنەوەی ململانێکەدا کردووە، ئەمڕۆ عێراق لایەنێکی سەرەکی گفتوگۆکانە".

عادل عەبدولمەهدی دەربارەی بەرنامەی سەردانەکەی بۆ تورکیاش وتی، "سەردانەکە لێکەوتەی قوڵ و گرنگی هەیە، لەگەڵ لایەنی تورکی باسی بابەتی ئەمنی و دۆسیەی باشیک و ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە دەکەن".

 ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا بابەتی شنگال و دەروازە سنورییەکان و دۆسیەکانی ئابوری و ئاو لەگەڵ حکومەتی تورکیا تاوتوێدەکەن.

هـ.ع