سەردێڕ:

تورکیا تاوتوێی دواخستنی کڕینی سیستەمی بەرگری (ئێس-٤٠٠) دەکات

فۆتۆ: 
2019-05-14

11771 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەسەر داوای ئەمریکا، تورکیا تاوتوێی دواخستنی کڕینی سیستەمی بەرگری روسی (ئێس-٤٠٠) دەکات کە بڕیاوایە مانگی  تەمووز رادەستی بکرێت.

بە گوێرەی سەرچاوەکەی رۆیتەرز لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئەوا دەبێتە هۆی باشتربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە کە بەهۆی کڕینی سیستەمە روسیەکەوە گرژی تێکەوتبوو.

پێشتر واشنتن داوای لە تورکیا کرد، لە نێوان سیستەمی بەرگری (ئێس-٤٠٠) و فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا ناسراو بە (ئێف-٣٥) یەکێکیان هەڵبژێرێت، کە تورکیا بە نیازە ١٠٠ فڕۆکەی جەنگی (ئێف-٣٥) بکڕێت.

هەروها واشنتن نیگەرانی  نیشانداوە بەرامبەر بەکارهێنانی سیستەمی بەرگری (ئێس-٤٠٠) لە لایەن روسیاوە بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری سەربازی لەسەر هاوپەیمانێتی ناتۆ.

مانگی ئایاری ئەمساڵیش یەنیس ستولتنبێرگ، ئەمینداری هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاندبوو، کە ناتۆ دوودڵە لە بڵاوکردنەوەی سیستەمی بەرگری (ئێس-٤٠٠) لە لایەن توکیاوە، رونیشیکردبووەوە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە رووبەرووی سزای واشنتن دەبێتەوە.

سیستەمی دژە موشەکی جۆری (ئێس 400) لەلایەن ڕوسیا دروستکراوە و بە بەهێزترین یەکەی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە ناسراوە، سیستەمەکە لەتوانایدا هەیە سەرجەم جۆرەکانی فڕۆکە و موشەکە دورمەوداکان و نزیک مەوداکان و تەنانەت ئەوانەی لە نزیک زەوی تێپەڕدەبن تێکبشکێنن.

هـ.ع