سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمان دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکى هەرێم دەکاتەوە

ماوەى سێ ڕۆژ  دەخایەنێت
فۆتۆ: 
2019-05-12

1350 جار خوێندراوەتەوە

جێگرى دووەمی سەرۆكی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەى دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ​بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم دەدرێت.


جێگرى دووەمی سەرۆكی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەى دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم دەدرێت.

مونا قەھوەچی بە ماڵپەڕی فەرمى  پارتی ڕاگەیاندووە، تائێستا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم نەكراوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە دەستەی سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەك سەبارەت بەو پرسە دەکات و تێیدا بڕیاردەدات لەبارەی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەو پۆستە.

مونا قەھوەچی ئەوەشی وتووە، دوای بڕیاردان، ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە و دواتریش دوو ڕۆژ كاندیدەكان مافی تانەدانیان ھەیە، پاشان سیڤییەكان بەسەر پەرلەمانتاراندا دابەشدەكرێن و ئەگەر كەس كێشەی نەبوو، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا سەرۆكی ھەرێم ھەڵدەبژێردرێت.

مونا قەھوەچی ئاماژەى بەوەشکردووە،  تائێستا ھیچ كەسێک بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم خۆی کاندید نەكردووە و دەرگای خۆپاڵاوتنیش نەكراوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەشتى ئەم مانگە پەرلەمان پێشنیازى یاساى کاراکردنەوەى سەرۆکایەتى هەرێمى پەسەندکرد، بەپێی یاساکەش سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دوو جێگری دەبێت، کە سەرۆک دەسەڵاتەکانیان دیاریدەکات.

هـ،ڕ