سەردێڕ:

چوار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان دڵنیایی دەدەن لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

دوای لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق
فۆتۆ: 
2019-05-11

17883 جار خوێندراوەتەوە

چوار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی یاسای بودجەی عێراق لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە.


چوار ئەندامی لیژنەی  دارایی پەرلەمانی عێراق  ڕایانگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی یاسای بودجەی عێراق لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە.

لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشدا هەریەکە لە هۆشیار عەبدوڵا و جەمال کۆچەر و شیروان میرزا قادر و ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامانی لیژنەی دارایی لە  پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (١١ی ئایاری ٢٠١٩)  بڵاویانکردەوە، لە یاسای بوجەدا موچەی فەرمانبەران جیاکرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە ڕادەستکردنی نەوتەوە بە کۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش گرەنتی ئەوەی زامنکردووە کە هیچ کەسێک نەتوانێت، ئەو یاسایەی کە پشکی هەرێمی کوردستانی تیدا جێگیرکراوە و موچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە، هەڵوەشێنێتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە، هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە، کە لەم ڕۆژانەدا لێدوانی داوە و ئەوەی لێ خوێنراوەتەوە، کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بەغدادیش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێمەوە.

لە بەشێکی تری ڕوونکردنەوەکەدا ئەو ئەندامانەی لیژنەی دارایی جەختیانکردووەتەوە، "ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت ڕاست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو ڕێژەی زیانەی بەرامبەر ۲٥٠ هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم."

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەوان داکۆکیکاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبن و بە هیچ جۆرێکیش داکۆکی لە ناشەفافییەتی دۆسیەی نەوتی هەرێم ناکەن و کاردەکەن بۆئەوەی ئەو دۆسیەکە چارەسەری یەکجاریی بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە گرفت بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

ع.م