سەردێڕ:

ترەمپ لێخۆشبوونی بۆ سەربازێک دەرکرد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی زیندانییەکی عێراقی

فۆتۆ: 
2019-05-07

5060 جار خوێندراوەتەوە

گلۆبەڵ نیوزی کەنەدی بڵاویکردووەتەوە، کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لێخۆشبوونی بۆ سەربازێکی پێشووی سوپای ئەمریکا دەرکردووە، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی زیندانییەکی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٩دا.

سارا ساندەرز سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ترەمپ لێخۆشبوونی بۆ مایکڵ بێهێنا دەرکردووە، کە کەسێکی کوشتووە بە تۆمەتی ئەوەی چەکداری قاعیدە بووە لە عێراق.

پێشتر دادگایەکی سەربازی مایکڵی بە ٢٥ ساڵ زیندانی سزادابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا بە مەرج ئازادکراوە و لە ئێستاشدا ترەمپ لێخۆشبوونی بۆ دەرکردووە.

هەریەکە لە جەیمس لانکفۆرد و جیم ئینهۆف سیناتۆری کۆمارییەکان ستایشی بڕیاری لێخۆشبوونەکەی ترەمپیان کردووە و سوپاسی ترەمپیان کردووە بۆ ئەو کارەی.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئەو سەربازە ئەمریکییە تۆمەتباربووە بە کوشتنی عەلی مەنسور کە زیندانییەکی عێراقی بووە و ڕووتکراوەتەوە و بەبێ مۆڵەت دوو فیشەکی پێوە ناوە.

هاوکات ماڵپەڕی زە هیڵ-ی سەربە حزبی کۆمارییەکان پێشتر باسی لەوە کردبوو، مەنسور فەرمانی ئازادکردنی هەبووە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەوەی کە سەربە قاعیدە بووبێت.

ماڵپەڕی زە هیڵ باسی لەوەش کردووە، مایکڵ بێهێنا لەکاتێکدا کە مەنسوری بەرەو شارۆچکەکەی بردووەتەوە، لە ڕێگادا کوشتوویەتی. لە دوای ئەوەیشی مەنسوری کوشت، ئەو سەربازە ئەمریکییە باسی لەوە کرد کە لەپێناو پاراستنی خۆیدا ئەو کارەی کردووە.

ئەوەش لە کاتێدایە بڵاوبوونەوەی ئەشکەنجەدانی زیندانیان گرتوخانەی ئەبوغرێب لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ بووە مایەی ئابڕوچوونێکی گەورە بۆ دەسەڵاتی مەدەنی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق، کە دەرکەوت دەیان زیندانی عێراقی بەشێوەیەکی دوور لە مڕۆڤایەتی زەیل و ئەشکەنجە دراون و رووتکراونەتەوە و تەزووی کارەبا دراوە لە ئەندامە هەستیارەکانیان.

ع.م