سەردێڕ:

دوای نزیکەی هەشت ساڵ ڕێگە بە پارێزەرەکان دراوە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت

فۆتۆ: 
2019-05-06

4509 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرەکانی ئۆجەلان ڕایانگەیاند، دوای نزیکەی هەشت ساڵ ڕێگەیان پێدراوە چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمراڵی بکەوێت.

پارێزەرەکانی ئۆجەلان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایان کردووە، لە ٢ی ئەم مانگە ڕێگەیان پێدراوە لە زیندانی ئیمراڵی چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەمڕۆ ٦ی ئایاری ٢٠١٩ کاتژمێر سێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوە سەبارەت بینینی ئۆجالان دەدەن.

چاوپێکەوتنی پارێزەرەکانی ئۆجەلان لە کاتێکدایە، لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١١ەوە تاوەکو ٢ی ئەم مانگە رێگە بە پارێزەرەکانی ئۆجالان نەدرابوو چاویان پێی بکەوێت و زیاتر لە ٧٨٠ داواکاریشیان بۆ سەردانی ئیمراڵی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە ڕەتکرابووە.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕۆژى ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ لە شارى نایرۆبیی پایتەختى کینیا هێرشکرایە سەر کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى و لە دواى بێهۆشکردنى ڕفێندرا بۆ تورکیا.

دوای دەستگیرکردنیشی دادگای تورکیا لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٩٩ بە تۆمەتى "خیانەتکردن لە نیشتمان" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد، بەڵام دواتر سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی.

ئۆجەلان لە ماوەی مانەوەیدا لە زیندانی ئیمرالی ١٦ کتێبی نوسیوە و، لە ڕێگەی پەیام و کتێبەکانییەوە، کە ئاراستەی سیاسیی حزبەکەی دیاریدەکات، وەک بڕیاردەرى کۆتایى پرسى کورد لە باکورى کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.