سەردێڕ:

ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

فۆتۆ: 
2019-05-04

4026 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم نزیکانە گەمارۆ وسزای دیکە دەسەپێنێت بەسەر کەرتی هەناردەی ئێراندا، بە تایبەت مادەی یۆرانیۆمی پێتێنراو، کە بە گوێرەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێنج کۆ یەک رێگە پێدراوە.

لەو بارەیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەمەودوا واشنتۆن گەمارۆ دەسەپێنێت بەسەر ئەو لایەنەدا کە بەشداری دەکات لە گۆڕینەوەی یۆرانیۆمی پێتێنراو بە یۆرانیۆمی سروشتی لەگەڵ ئێراندا.

لە لایەکی دیکەوە مۆرگان ئاورتاگۆس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئێران، ئەویش بەهۆی ئەو چالاکییانەی تارانەوە کە بوونەتە هەڕەشە بەسەر ناوچەکەوە و زیانیش دەدات لە گەلی ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەو ڕێوشوێنانە بۆ ئەوەیە ڕێگری لە ئێران بکرێت دەستی نەگات بە چەکی ئەتۆمی.

بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیمزاکراو لە نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەکاندا، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئیمزا کراوە، ڕێگە دەدات بە تاران لە کۆی ٣٠٠ کیلۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٣.٦٧%ی بە دەستەوە بێت، کە ئەو بڕەش زۆر زیاترە لەوەی بەکار بهێنرێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا.

هەر لە ڕێککەوتنەدا هاتووە، تاران دەتوانێت بەڕێژەیەکی دیاریکراو یۆرانیۆمی پێتێنراو بفرۆشێت و لە بەرامبەریشدا ڕێژەیەک لە یۆرانیۆمی سروشتی بەدەستبهێنێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بە دووری نازانێت لە هەر کاتێکدایە بێت پێکدادانی سەربازی لە نێوان تاران و واشنتۆندا ببێتە ئاراوە.

دوێنێ هەینی (٣ی ئایاری ٢٠١٩) عه‌بدولڕه‌حیم موسه‌وی فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپاى پاسدارانى ئێران له‌میانى كۆبوونه‌وه‌یەکدا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده ‌سه‌ربازییه ‌سه‌ره‌كییه‌كانی وڵاتەکەى ئاماژەى بەوەکرد، پێویستە سەرجەم هێز و یەکە سەربازییەکان لەوپەڕى ئامادەباشیدابن و، بەردەوام لە مەشقى سەربازیدا بن لە ئەگەری هێرشی شەوانەدا.

ئەو لێدوان و هەڵوێستانەی ئێران لەکاتێکدایە، دوێنێ فشار و گەمارۆکانى سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پێى نایە قۆناغێکى نوێوە و، ئەو هەشت وڵاتەش کە بەخشرابوون مامەڵەى بازرگانیی نەوت لەگەڵ ئێراندا بکەن ماوەى بەخشینەکەیان تەواوبوو.

 

ع.م