سەردێڕ:

​هەرێم.. پێشێلکاریى یاسایى و مرۆیى ڕوویان لە زیادبوونە

ساڵی ڕابردوو  ١٣٨٩ پێشێلکاری کراوە
فۆتۆ: 
2019-05-03

902 جار خوێندراوەتەوە

پێشێلکارە یاساییەکان و ڕەوشى مافى مرۆڤ و سەروەرنەبوونى یاسا لە دادگاکان و بنکەکانى ئاسایش و پۆلیس لە هەرێم ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.


پێشێلکارە یاساییەکان و ڕەوشى مافى مرۆڤ و سەروەرنەبوونى یاسا لە دادگاکان و بنکەکانى ئاسایش و پۆلیس لە هەرێم ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.

بە پێی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵى ڕابردوودا هەزار و ٣٨٩ حاڵەتى پێشێلکاریی یاسایى و مافەکانى مرۆڤ تۆمارکراون، ئەم ژمارەیەش تەنها ئامارى ناوەندى شارەکانە و وەک پسپۆڕانى یاسایى جەختى لێ دەکەنەوە دەکرێت ڕێژەکە زۆر لەوە زیاتربێت، بەڵام تۆمارنەکرابێت.

ڕێکخراوى پەرەپێدانى دیموکراسی و مافى مرۆڤ لە یانزەیەمین ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆیدا ئاماژەى بەوە داوە، زۆریی حاڵەتەکانى پێشێلکاری و سەربەخۆ نەبوونى دادگا و دەسەڵاتى دادوەری لە ئاستێکدایە جێگەى هەڵوەستەلەسەرکردنە و ناکرێت دەسەڵاتى دادوەری و داواکارى گشتی و دەسەڵاتى یاسادانان بێ بایەخ سەیرى بەرزیی ڕێژەى ئەو پێشێلکارییانە بکەن و، نادیدەى بگرن.

زۆرترین پێشێلکارییە یاساییەکان لە بنکەکانی ئاسایش و پۆلیسى شارەکانی هەرێم تۆمارکراون، کە ٧١٢ پێشێلکاریی بوون، ئەمەش پۆلێن کراوە بۆ چەند جۆرێک، لەوانە:

کەمتەرخەمی و گوێپێنەدان لە جێبەجێکردنى ڕێوشوێنە یاساییەکان و بڕیارەکانى دادوەرانى لێکۆڵێنەوە لەلایەن بەرپرسانى لێکۆڵێنەوەى پۆلیس و ئاسایش ٣١٠ حاڵەت بووە.

 هاوکات بەکارهێنانى توندوتیژی و ئەشکەنجە و مامەڵەى نامرۆڤانە دژى تۆمەتباران ١١٨ حاڵەت بووە و، دەستوەردان لە کاروبارى دادگا و دادوەری لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکان و پارتە سیاسییەکان ١١٧حاڵەت بوون و، وەڵامنەدانەوە و جێبەجێنەکردنى بڕیارەکانى دادگاى لێکۆڵینەوە ١٢٨حاڵەت و بەڕێوەبردنى ڕێکارەکانى لێکۆڵینەوە بە پێچەوانەى یاساوە ٢٩ حاڵەت.

ئەمە سەرەڕاى ئەوەش ٣٠٧ حاڵەتی پێشێلکاریی دیکەش لە دادگاکانی تاوانەکان و کەتن و نەوجەواناندا تۆمارکراون.

لە دادگاکانى شارستانییش، کە پێکهاتوون لە دادگای پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوە و بەرایی و باری کەسیەتیی و کارگێریی، ٣٧٠ حاڵەتی پێشێلکاری تۆمارکراوە.

یەکێک لەو پێشێلکاریانەى کە لە دادگاکاندا تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە، هەڵواسینى وێنەى مستەفا بارزانییە لە سەرجەم هۆڵەکانى دادبینیی دهۆک، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى وێنەى جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى تا ئێستاش لەناو باڵەخانەى دادگاى سلێمانى هەڵواسراون، بەبێ ئەوەى سیفەتی ڕەسمییان مابێت.

دەستگیرنەکردنى کەسانى بەرپرسى حزبی و دەستوەردانى ڕاستەوخۆ لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە بۆ دادگاکان نمونەیەکى دیکەى ئەو پێشێلکارییانەن کە تۆمارکراون.

جگە لەمانەش پیشاندانى دەموچاوى تۆمەتباران بە ڕوونی لە ڕێگەى میدیاکانەوە لەلایەن دامودەزگاکانى ئاسایش و پۆلیس بێ هیچ سانسۆرێک و پێش ئەوەى دادگایى بکرێن، پێشێلکارییەکى دیکەیە دژبە تۆمەتباران و تۆمارکراوە.

پسپۆڕانى یاسایى بە پێویستى دەزانن بودجەى دەسەڵاتى دادوەریی لەلایەن دەسەڵاتەکەوە دابنرێت و هەر خۆیشى مافى خەرجکردنى هەبێـت، نەک لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى داراییەوە ڕێنمایى چۆنێتى خەرجکردنى هەبێت.

هـ،ڕ