سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە باشترین حاڵەتدایە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: 
2019-05-03

2381 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون و لە باشترین حاڵەتدایە.


عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر کراون و لە باشترین حاڵەتدایە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لە باشترین حاڵەتدایە، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نییە کە ناکۆکی و جیاوازی نییە لە بیرو بۆچوونەکاندا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ناکۆکیانەش خراونەتە چوارچێوەی چارەسەرکردنەکانەوە.

عادل عەبدولمەهدی جەختیکردەوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە دەتوانن بگەنە چارەسەری گونجاو لەسەر کێشەکانی شنگال و نەینەوا و دۆسیەی نەوت.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بابەتی دەروازە سنورییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵی ١٩٩٠وە لە سەرانسەری عێراقدا کار بە یەک تاریفەی گومرک دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی (٣ی ئایاری ٢٠١٩) عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فەرەنسادا کۆبۆوە.

لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە (٣٠ی نیسانی ٢٠١٩) سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ئەڵمانیا و لەگەڵ کۆمپانیای سیمنیسی ئەڵمانی بە بڕی ١٤ ملیار دۆلار ڕێککەوتنێکی چوارچێوەی کارکردنیان ئیمزاکردووە بە تایبەت لە بواری کارەبا و وزەدا.