سەردێڕ:

ناوبردنی هاوڵاتییانی باشوری عێراق بە دواکەوتوو کاردانەوەی لێکەوتەوە

هەیفاء کازم ئەمین پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون کە هاوڵاتیانی عێراقی بە دواکەوتوو ناوبردبوو
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-05-03

6470 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆڕێکدا لە وڵاتی لوبنان پەرلەمانتارێکی عێراق هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتییانی خۆی و بە "دواکەوتوو" ناویان دەبات، لەناو کۆڕەکەشدا ژمارەیەک لە ئامادەبوانی عێراقی بەرپەرچیان داوەتەوە، دواتریش ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبوردنی کردووە لە قسەکانی.

هەیفاء کازم ئەمین پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونی سەر بە رەوتی موقتەدا سەدر لە بەیروتی پایتەختی لوبنان هێرشیکردە سەر هاوڵاتیانی عێراق و ڕایگەیاند "ئێوە لە لوبنان پێشکەوتوون و وڵاتەکەش پێشکەوتوو، بەڵام ئێمە لە عێراق لە دواکەوتوویدا دەژین".

ئەو وتانەی پەرلەمانتارە لە کۆڕەکەدا کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناو جگە لەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی رەخنە و گلەیەکی زۆر بووەتەوە، لەلایەن بەشداربوانی عێراقیش لە کۆڕەکەدا بەرپەرچ دراوەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە " تۆ یاری بە وێنە و چارەنووسی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەتەوە دەکەیت لەبەردەم ڕۆڵەی وڵاتێکی تردا با دەوڵەتە عەرەبیش بێت".

ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی سەدر لە میانی قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو "دانیشتوانی شاری بەسرە دواکەوتوون ئەگەر بەراورد بکرێت بە بەغدا و هەرێمی کوردستانی عێراق".

ئەو کاردانەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ هەینی (٣ی ئایاری ٢٠١٩) هەیفاء ئەمین داوای لێبوردنی کرد کە دانیشتوانی باشوری عێراقی بە دواکەوتوو ناوبردبوو.

ئەو پەرلەمانتارە لە تۆمارێکی دەنگیدا ڕایگەیاندووە "مەبەستم ئەوە بووە کە باشور لە ڕووی ئاوەدانی و ئابوریی و بواری مافی مرۆڤ و فێرکردنەوە دواکەوتووە، بە تایبەت لەم ماوەیەی دوایدا وازهێنان لە خوێندن و تۆمارکردنی چەندین حاڵەتی خۆکوشتن لە بەسرە و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشور تۆمارکراوە".

ع.م