سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەدات

ئەمرۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
فۆتۆ: 
2019-05-02

923 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ (٢ی ئایاری ٢٠١٩) پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بەرنامەی کاریان لە چەند بوارێک دەبێت و یەکێک لە بەرنامەکانی کاری ئەمرۆیان دەنگدان دەبێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.

هاشم بریفکانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ئێن ئار تی راگەیاند، هەڵوەشاندەنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاساییە و قبوڵی ناكەن، ئەم هەنگاوەی بەغدا دەیەوێت سیناریۆی كەركوك لە موسڵ دووبارە بكاتەوە و كوردەكان لە موسڵ دەربكات.

بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەی پەرلەمان دەنگدانە لەسەر پرۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەمی سندووقی گەڕانەوەی پارەی عێراق و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای هەموارکردنی کۆمپانیاکان.

بەشێکی دیکەی بەرنامەی کاریان بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای شارە پیشەسازییەکان و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای هاتووچۆ و پرۆژە یاسای ئیدارەی دارایی.

هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای دووبارە گەڕانەوەی کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری بۆ خزمەت دەکرێت.

هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە کاتێکدایە ئەو ئەنجومەنە لە ٣٩ ئەندام پێکهاتووە، کە ١٣یان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەن کوردن.

د.ن