سەردێڕ:

سوپای ئەمریکا: بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە عێراق دەمێنینەوە

ژەنەڕاڵ کینیس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-29

3104 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ ماوەیەکی درێژخایەنە و لە ئێستادا واشنتۆن سەرقاڵی گفتوگۆیە لەوبارەیەوە.

ژەنەڕاڵ کینیس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لەمیانی سەردانەکەی بۆ کەنداو ڕایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق درێژخایەن دەبێت و، جەختیشیکردەوە واشنتۆن توانای بەرپەرچدانەوەی تارانی هەیە.

ئەو فەرماندە باڵایەی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاریی عێراق دەکات بۆ بنیاتنانی توانای دامەزراوەکانی، هەر چارەسەرێک لەو وڵاتەدا بێتە ئاراوە، پێویستە بە هەماهەنگیی حکومەتی ئەو وڵاتە و ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق بێت.

ماکینزی وتی، "ئێران تیرۆر هەناردەی ناوچەکە و جیهان دەکات، کە بووەتە مایەی هەڕەشەیەکی درێژخایەن، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی پەیوەندیی بەردەوامی دەبێت بۆ دڵینایی یەکگرتووییان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران، بۆیە لەو بڕوایەدام توانای پێویست لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جموجوڵێکی مەترسیداری ئێران لە ناوچەکەدا."

جەختیشیکردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانای تەواوی لەبەردەستدایە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی و هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکانی، بۆیە وەڵامدانەوەی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەرانە دەبێت.