سەردێڕ:

عێراق پرۆژەیەکی پێنج ملیار دۆلاری جێبەجێدەکات

فۆتۆ: 
2019-04-28

38047 جار خوێندراوەتەوە

بەندەری گەورەی فاو کە بە گەورەترین بەندەرەکانی وڵاتانی کەنداو هەژماردەکرێت، دەسەڵاتدارانی عێراق بە پردی گواستنەوەی کەلوپەلی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ناویدەبەن، بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٢دا کارەکانی تەواوبکرێن.

گرنگیی بەندەری گەورەی فاو لەوەدایە، داهاتی زۆری بۆ خەزێنەی عێراق دەبێت، بەندەرەکە نەخشەی گواستنەوەی دەریایی دەگۆڕێت و دەبێتە ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، ئەوە جگە لەوەی کە عێراق دەکاتە ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ، هەزاران هەلی کاریش دەستەبەردەکات، بەتایبەت بۆ هاوڵاتییانی پارێزگای بەسرە.

بەندەری گەورەی فاو لە ساڵی ٢٠١٠وە بەردی بناغەی دانراوە، بەهای تەواوکردنی پرۆژەکەش بە پێنج ملیار و ١٢٦ ملیۆن  دۆلار خەمڵێنراوە و ساڵانە دەتوانرێت نزیکەی ١٠٠ ملیۆن تەن کەلوپەلی جۆراوجۆری لێوە ئاڵوگۆڕ بکرێت.

لە ئێستادا نزیکەی ٢٠%ی پرۆژەکە تەواوکراوە، کە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی بە چەند قۆناغێک کاری تیادا دەکەن و، بڕیاریشە لە ساڵی ٢٠٢٢دا تەواوبکرێت، بەڵام ئەوەی لە داهاتوودا ئاستەنگ بۆ بەندەرەکە دروستدەکات، کوەیتە، کە ئێستا سەرقاڵی بونیادنانی بەندەرێکە بە ناوی موبارەک.

بەندەری موبارەک بەهای ئابوری و بازرگانی بەندەری گەورەی فاو بە ڕێژەی ٦٠% کەمدەکاتەوە، چونکە لەسەر ڕووبەرێکی گەورە و لە نزیک بەندەری گەورەی فاو دروستدەکرێت، ئەوەش ناڕەزایەتی عێراقی لێ کەوتووەتەوە.

ئەوە جگە لەوەی کە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەسەر کەنداو تەنکن و قوڵ نین و چەند ساڵێک و بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت، تا وای لێ بکات بۆ هاتوچۆکردنى کەشتییە گەورەکانى بەکاربێت.

ساڵی ٢٠١٣، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێککەوتننامەی (خۆر عەبدوڵڵا)ی لەگەڵ کوەیت پەسەندکرد، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە کوەیت بەندەری گەورەی موبارەک دروستدەکات و، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر جموجۆڵی دەریاوانیی عێراق دەبێت.

واژۆکردنی بڕیارەکەش لەلایەن حکومەتی بەغداوە بەشێکی تەواوکەر بوو لە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٨٣٣ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە لە ساڵی ١٩٩٣دا بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دیاریکردنی سنورەکانی نێوان عێراق و کوێت دەرکرا.

هـ.ع