سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: هەر کەسێک کارتی دەنگدانی نەبێت بۆی نییە دەنگ بدات

فۆتۆ: 
2019-04-27

1695 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، هەر کەسێک کارتی دەنگدانی نەبێت بۆی نییە دەنگ بدات، ئەو ئاوارانەش کە لە هەرێمی کوردستان دەژین دەبێت سەردانی ناوەندەکانی کۆمسیۆن بکەن.

ئەمڕۆ شەممە (٢٧ی نیسانی ٢٠١٩)، مەعن هیتاوی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگه‌یاند، بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن بنکەی ناونووسینی کاتییان بۆ کردوونەتەوە و لەوبارەیەوەش چەند بڕیارێک دەردەکەن.

ئەوەشی خستەروو، هەر کەسێك کارتی دەنگدانی نەبێت، ناتوانێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەنگبدات.

هەروەها مازن عەبدولقادر سەرۆكی ئۆفیسی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشکرایکرد، هاتنی ئەو شاندەی عێراق بۆ پێداچوونەوەیە بە کارەکانی نوسینگەی کۆمسیۆن لە هەرێم و ئامادەکارییش دەکەن بۆ دەنگدانی ئاوارەکانی عێراق، کە لە هەرێم نیشتەجێن.

لە كوردستان ١٧٣ ناوەندی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەیە، ئەو کەسانەی پێشتر ناوەكانیان تۆماركردووە، ئێستا دەتوانن كارتی ئەلكترۆنی دەنگدان وەرگرنەوە و هەر دەنگدەرێکیش مەبەستیبێت دەتوانێت شوێنی دەنگدانی خۆی بگۆڕێت.

هـ.ع