سەردێڕ:

چارەنووسی دیارنەمانی ٦٠ ملیۆن دۆلاری پارێزگای نەینەوا ئاشکرا دەبێت

فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا تۆمەتبارن بە دزینی پارەکە
پارێزگای موسڵ
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-04-23

3127 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەسپاکی عێراق چارەنووسی ٦٠ ملیۆن دۆلاری بوجەی پارێزگای نەینەوا ئاشکرا دەکات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکردووە، نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلاری پارێزگای نەینەوا لەلایەن ژمارەیەک کاربەدەست و فەرمانبەرانی نزیک لە نەوفەل عاکوب پارێزگاری پـێشووی نەینەواوە براوە.

دەستەکە ئەوەشی وتووە، بەر لەوەی نەوفەل عاکوب لە پـۆستی پارێزگار لاببرێت، ئەو بڕە پارەیە برابوو، فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگاش تۆمەتبارن بە دزین وبردنی پارەکە و بە هەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، پارەکان لە بوجەی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگای نەینەواو بەشی پەرەپـێدانی گوندەکان و پەرەپـێدانی هەرێمەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە سندوقی هەڵگرتنی پارەی ئەو کاربەدەست و فەرمانبەرانە لە دیوانی پارێزگا دانرابوون یان خرابوونە بانک بە ناوی خۆیانەوە.

لە ٢٤ی ئازاری ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ڕووداوەکەی رووباری دیجلە متمانەی لە نەوفەل عاکوب پارێزگاری نەینەواو جێگرەکانی، لەسەر کەمتەرخەمی و بەھەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی سەندەوە و دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە نەوفەل عاکوب بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتبێت.

ی.ک