سەردێڕ:

دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت خەریکە ستاندارەکانی بەغدا و لوبنان تێدەپەڕێنێت

پرسی پێکهێنانی حکومەت
فۆتۆ: 
2019-04-19

1358 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕوانییەكانی پاش هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان بەرەو حەوت مانگ هەڵدەكشێت، كەچی هێشتا هیچ وادەیەك بۆ رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی حكومەت و بەشكردنی پۆستەكان دیار نییە و ئەو ناكۆكییانەی لەم بارەیەوە لەنێوان هەر سێ لایەنی بەشداری حكومەتدا هەن بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و دانوستانە لابەلاكان سپێردراون.

چەقبەستنی پێكهێنانی حكومەت لەكاتێكدایە كە لەشەش مانگی ڕابردوودا پارتی و یەكێتی دوو رێككەوتن و پارتی و گۆڕان رێككەوتنێكیان بەفەرمی بۆ ئەو مەبەستە ئیمزا كردووە كە زیاتر خۆی لەچۆنییەتی دابەشكردنی پۆستەكاندا دەبینێتەوە، كەچی ناوبەناو باس و لێدوان بەفەرمی و نافەرمی لەسەر دوو رێككەوتنی تری چاوەڕوانكراو لەئارادایە یەكەمیان لەنێوان گۆڕان و پارتی، و دووەمیشیان یەكێتی و پارتی، تا ئەم سێ لایەنە بەشدارە بە پشك و قەبارەی خۆیان ڕازی بن لە كابینەی مەسرور بارزانی.

لەو دیدارانەشی بەمدواییانە لەلایەن نێچیرڤانی بارزانی پاڵێوراو بۆ سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت لەگەڵ شاند و میدیاكان سازكراون هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ كۆتاییهاتنی ئەم دواخستن و چەقبەستنەی حكومەت دیارینەكراوە، لەكاتێكدا كە قوباد تاڵەبانی پاڵێوراوی یەكێتی بۆ جێگری سەرۆك وەزیران هۆكاری دواكەوتنەكەی گێڕاوەتەوە بۆ ئاڵۆزییەكانی تەرجەمەكردنی بەركەوتەكانی هەڵبژاردن، لەهەمان كاتدا باسی لەوەشكردووە گەشتووەتە ڕادەیەك كە كات بەفیڕۆدانی تێكەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەشی لەبەردەستدان تەوەری سەرەكی ناكۆكییەكانی ئەو سێ حزبە لە دەوری زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم و چۆنییەتی دابەشكردنی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و دارایی دەخولێتەوە، لەماوەی ڕابردووشدا هەموو ئەو هەنگاوانەی هەڵگیراون بۆ داتاشینی پۆست و ناونیشانی حكومی بۆ ڕازیكردنی ئەم سێ لایەنە بەتایبەت یەكێتی و گۆڕان نەیتوانیوە كۆتایی بە دەستی دەستی و چاوەڕوانییەكان بهێنێت.

چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن چەقبەستنی ئەم دواییەی كابینەی هەرێم بەرەو تۆماركردنی ژمارەیەكی پێوانەیی دەڕوات لەمێژووی حوكمڕانی هێزە كوردییەكاندا لەكاتێكدا ناوەڕۆكی ناكۆكییەكانیش تەنها پۆست دابەشكردنە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر دوو ئیدارەیی ژێر پەردە و دوو زۆنیدا هاتبێت یان شێوازی ئیدارەدانی حكومەت گۆڕانكاریی تێدا كرابێت.

دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت لەهەرێمی كوردستان خەریكە ستاندارەكانی بەغداو تەنانەت وڵاتی لوبنانیش تێدەپەرێنێت كە هەردووكیان سەرباری هەبوونی ناكۆكی چڕو ئاڵۆز و ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی قووڵ لەپاش هەڵبژاردنەكانی ئایاری ٢٠١٨وە بەكەمتر لەشەش مانگ كابینەی وەزاریی خۆیان راگەیاند، كەچی لەكوردستان لەنێوان تەنها سێ حزب و لەدەروازەی مانگی حەوتەمدا  تازە باس لەگفتوگۆ بۆ گەشتن بەرێككەوتنی كۆتایی دەكرێت.

هەندێك لەچالاكانیش داوای ئەوە دەكەن رۆژی گەشتن بەرێككەوتنی كۆتایی و پێكهێنانی حكومەت بكرێتە پشوو رۆژێكی نیشتمانی چونكە لەسەردەمی ئەم كێبەركێ حزبی و شەڕی پۆستەدا لایەنە بەشدارەكانی حكومەت هیچ دەسكەوتێكی تریان نییە جگە لە رێككەوتنی بەشكردنی وەزارەت و پۆستە داتاشراوەكان تا پێشكەشی خەڵكی كوردستانی بكەن.

ئ.ر