سەردێڕ:

ژمارەی حاجیانی عێراق بۆ گەشتی حەجی ئەمساڵ زیاد کراوە

چاوەڕواندەکرێت بەشێکی بەر هەرێمی کوردستانیش بکەوێت
فۆتۆ: 
2019-04-19

4750 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی حاجیان عێراق بۆ سەفەری ئەمساڵی حەج بەرزبووەتەوە بۆ ٥٠ هەزار کەس و چاوەڕواندەکرێت بەشێکی بەر هەرێمی کوردستانیش بکەوێت.

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی (١٩ی نیسانی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، پشکی حاجیانی عێراق بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ زیادکراوە بۆ ٥٠ هەزار کەس، دوای ئەوەی بۆ چەند دەیەیەک دەچێت وەک پێویست گرنگی نەدراوە بە پشکی عێراق.

 لەلایەکی ترەوە وتەبێژێک بە ناوی مەسعودی ئەحمەد لعێبی سەرکردە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە میانی سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعودیە، ژمارەیەک لە لێپرسراوانی دەستەی کارباری حەج و عەمرەی عێراق بەشداربوون و توانیویانە ژمارەی حاجیانی عێراق بۆ وەرزی ئەمساڵ بۆ ٥٠ هەزار حاجی بەرزبکەنەوە.

مەسعودی لە دەستەی حەج و عەمرەی عێراق پۆستی بریکاری ئیداری و دارایی دەستەکەی لە ئەستۆدایە.

جەختیشیکردووەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی حاجیانی عێراقی، هەموو ئاسانکاری و پێداویستیەکیشیان بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ بۆ دابیندەکرێت.

پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی حەجی سعودیە کردبوو، ڕێژەی بەشداریی حاجیانی عێراق بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ زیاتر بکات و بەشێوەیەکی پۆزەتیڤانە مامەڵە لەگەڵ داواکەی عێراقدا بکرێت.

بۆ فەریزەی حەجی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی سعودیە بڕی ٣٣ هەزار و ٦٩٠ کورسی بۆ هاووڵاتیانی عێراق دابینکردبوو، لەو ژمارەیەش لە ١٥%ی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ٥٥٠ کورسیشی بۆ کەسوکاری زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی دەستی تیرۆر و حەشدی شەعبی و ئەو کەسانە بوو کە لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە لە سێدارە دراوون.

ژمارەی حاجیانی ساڵی ڕابردووی ھەرێم ٥ هەزار و ٤٦٩ کەس بوو، بەڵام حاجییەک لە سعودیە کە تەمەنی ٧١ ساڵ بوو، پێش ئەوەی بگاتە مەککە گیانی لەدەستدا.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەگەل زیادبوونی ژمارەی حاجیانی عێراق، پشکی هەرێمیش زیاتر بکرێت لە چاو ساڵانی ڕابردوودا.

 

ع.م