سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردن و خوێندنەوەی چەند پڕۆژە یاسایەک کۆبووەوە

فۆتۆ: 
2019-04-17

954 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە خولی دووەمی یاسادانانی خۆیدا دانیشتنی ١١ هەمینی خۆی سازکرد و بریاریشە خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە بڕیارێک بکرێت.

سەرچاوەیەکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (١٧ی نیسانی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و بڕیارە دەنگدان بکرێت لەسەر پڕۆژە یاسای ئیدارە و دارایی و گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان.

لە خشتەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم دەکرێت بۆ پڕۆژە یاسای دەستەی باڵای دەریاوانی عێراقی و پڕۆژە یاسای بوون بە ئەندامی عێراق لە ڕێککەوتنی بانکی وەبەرهێنانی ئاسیا بۆ ژێرخانی ئابوری.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا گفتوگۆ بکرێت لەسەر پڕۆژە یاسای شاری پیشەسازی و ڕاپۆرت و گفتوگۆی پرۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی نەزاهەی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠١١.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییە  بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر پڕکردنەوەی چەند پۆستێکی وەزاری هەستیار، تا ئێستا پۆستی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و داد لە کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پڕنەکراونەتەوە و چەند جارێک بڕیار بووە پەرلەمان دەنگدان لەسەر پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە ئاخۆ پەرلەمان چ  کاتێک لە خشتەی کاری خۆیدا پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانە دەخاتە دەنگدانەوە.

ع.م