سەردێڕ:

ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەردانی سعودیە دەکات

فۆتۆ: 
2019-04-17

727 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەمرۆ چوارشەممە بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکومی و بازرگانی سەردانی سعودیە دەکات.

عادل عەبدولمەهەدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا ئاشکرایکرد، رۆژی چوارشەممە سەردانی سعودیە دەکات و ئەو سەردانەشی بە گۆرانکارییەکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ریاز وەسف کرد.

سەرۆک وەزیرانی عیراق وتیشی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە لە ئاستێکی زۆر باشدایە و لەسەردانەکیدا چەندین دۆسیەی هاوبەش و لێکتێگەشتن ئیمزا دەکەن.

وتیشی، لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە باسی پەرەپێدانی رێگاکانی هاتوچۆی نێوان هەردوو وڵات دەکەن،  بە تایبەت مەرزی عەرعەر کە ساڵانە جگە لە ئاڵوگۆری بازرگانی هاوبەش لەو دەروازە سنوریە، هەزاران هاوڵاتیش بەمەبەستی حەج و عەمرە ئەو دەروازەیە بەکاردێنن.

سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی هەواڵی ئاڕتی رووسی راگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی سعودیە دڵنیا نین لە جیبەجێکردنی رێکەوتینەکانیان لەگەڵ عیراق، بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەر عێراق دەکرێت، سەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ دڵنیاکردنەوەی بەرپرسانی ریازە کە رێکەوتنەکان لەسەر بنەمایەکی تەندوست وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن.

لەسەردانەکیدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق چاوی بە سەلمان عەبدولعەزیز پاشای سعودیە و محەمەد سەلمان جێنشینی سعودیە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری سعودیە دەکەوێت، هەریەک لە وەزیرانی دەرەوە و نەوت و کارەبا و بازرگانی یاوەری عەبدولمەهدی دەکەن.

هـ.ع