سەردێڕ:

لەتیف مستەفا: سەرۆکایەتیى هەرێم بکرێتە تەشریفاتى و بدرێت بە گۆڕان یان یەکێتى

فۆتۆ: 
2019-04-15

7667 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا هێزە پێکهێنەرەکانى حکومەت دواى تێپەڕبوونی زیاتر لە  شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا، ململانێیانە لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسایی پرۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتیی ھەرێم و کێشەی لایەنە سیاسییەکان دەخاتەڕوو.

لەتیف شێخ مستەفا، پێشنیاز دەکات سیستەمەکە بە تەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی ھەرێم لە دەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکى ئەنجومەن و ئەنجومەنی وەزیران، ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆ پارتی نەبێت، بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی.

بە وتەى ئەو، پارتی چەند ئامانجێکی ھەیە، دەیەوێت لەم پێکھێنانی حکومەتەدا بەدەستیان بێنێت، ئەوانیش مسۆگەرکردنی ئەوەی کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پایتەخت بەدەست خۆیەوە  بێت، جگە لەوەش دۆزینەوەی پۆست و پێگەش بۆ نێچیرڤان بارزانی بەجۆرێک باڵانس لەنێوان ئەو و مەسرور بارزانی پارێزراو بێت، لەگەڵ پاراستنى پێگەى مەسعود بارزانى.

لە دواى سڕکردنى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمەوە، پارتى شتێکى دروستکردوە کە خۆیان پێى دەڵێن بارەگاى بارزانى، کە هەمان ئەو بارەگایە کە مستەفا بارزانى لەکاتى شۆڕشدا هەیبووە و بڕیارى کۆتایى لەسەر هەموو پرسەکان لەوێوە دەرچوون، بەبێ هیچ پاڵپشتێکى یاسایى ماوەیەکە پارتى دەیەوێت رۆڵى زیاتر بەم بارەگایە بدات و دواهەمین قسە ئەو بیکات.

لەتیف شێخ مستەفا لەم ڕوەوە پێشنیازى کردوە مەسعود بارزانی لەسەرۆکی پارتیەوە دەست لەکاربکێشێتەوە، لەجیاتی ئەوە ئەنجومەنێکی سیاسی ڕاوێژکاری لە سەرۆکی حیزبە سیاسیە بەشداربوەکانی حکومەت پێکبھێنرێت و بارزانی سەرۆکایەتی بکات و نێچیرڤان بارزانی بکرێتە سەرۆکی پارتی لە ھەمان کاتدا ئەندامیش دەبێ لە ئەنجومەنی سیاسی.

یەکێتى و گۆڕان کە بەهۆى سەرۆکایەتى هەرێمەوە پێکهێنانى حکومەتیان پەکخستووە، پێشتر پرۆژەیان هەبووە بۆ ئەوەى دەسەڵاتى سەرۆکى هەرێم تەشریفاتى بێت، بەڵام ئێستا دەیانەوێت دەسەڵاتى هەبێت و ململانێیانە لەسەر جێگرەکەى.

بەبڕواى لەتیف شێخ مستەفا، ئەگەر سیستمەکە ببێتە پەرلەمانی ئەوا ئامانجى ئەو دوو هێزە بەدى دێت، بەوەى یەکێکیان پۆستی سەرۆکی ھەرێم وەربگرێت ئەویتریان پۆستی جێگر.

لەتیف مستەفا رونیکردوەتەوە، سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینە بەبێ ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە نابێت، لە سیستەمە دیموکراتیەکان دەسەڵات نەک ھەر دژایەتی ئۆپۆزسیۆن ناکات بەڵکو کاردەکات بۆ دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا، چونکە ڕادەی دیموکراتی ھەر سیستەمێک بەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا دەپێورێت.

لەم خولەدا تا ئێستا نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندوە، لەتیف شێخ مستەفا پێیباشە بەرەیەکى بەھێزی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت، بەمەرجێ لەلایەن دەسەڵاتەوە دان بە ئۆپۆزسێۆن دابنرێت و کوتلەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان بەرامبەر کوتلەی دەسەڵات بێت لە ھەموو یاساو بابەتەکان مافی ڕادەربڕین و چاودێری کردنی حکومەت و مافی پێشکەش کردنی پڕۆژەی بەدیل و مافی حکومەتی سێبەریشی ھەبێت.

پێشنیازى کردووە نەوەی نوێ بەو پێیەی گەورەترین کوتلەی ئۆپۆزسیۆنە مافی سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆنی پێبدرێت یاخود ڕێکبکەون لەسەر ئەنجومەنێکی سەرکردایەتی لە سەرۆکی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکەکەی بەشێوەی دەوریی بێت.

پێشتر فراکسیۆنى نەوەى نوێ پرۆژەیەکى بۆ یاساى سەرۆکایەتى هەرێم پێشکەشى پەرلەمان کرد و تێیدا داواى کرد دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم تەشریفاتى بن و سیستمەکە بەتەواوەتى بکرێتە پەرلەمانى.

ئ.ر