سەردێڕ:

وردەکاریی هەوڵەکانی پارتی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم

فۆتۆ: 
2019-03-18

3908 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ خولی پێشووی پەرلەمانی پەکخست، بەڵام لەم خولەدا بە پێچەوانەوە، دەیەوێت پەرلەمان لە ماوەیەکی کورتدا یاساکە هەموار بکاتەوە.


لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ خولی پێشووی پەرلەمانی پەکخست، بەڵام لەم خولەدا بە پێچەوانەوە، دەیەوێت پەرلەمان لە ماوەیەکی کورتدا یاساکە هەموار بکاتەوە.

پارتی دەیەوێت پێش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، لە ڕێگەی ئەو پرۆژە یاسایەی کە ئامادەی کردووە، سەرۆکایەتی هەرێم کارا بکاتەوە و سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان هەڵببژێرێت.

ئەگەر یەکێتییش سوربێت لەسەر ئەوەی بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەکات، ئەوا پارتی کاردەکات بۆئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا، پرۆژە یاساکە پەسەندبکات.

یەکێتی هەرچەندە سەرەتای ئەم مانگە، ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتیدا لەسەر پرسەکانی پێکهێنانی حکومەت و پرسی بەغدا و کەرکوک واژۆکردووە، بەڵام لە ئێستادا یەکێتی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم مەرجی هەیە و کاتێک دەنگ بە هەموارکردنەوەکە دەدات، کە لەسەر هەموو پرسەکان لەگەڵ پارتیدا بگەنە ڕێککەوتن.

لە خولی پێشووی پەرلەماندا، یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەدابوون یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم هەمواربکرێتەوە و پرۆژە یاسایان بۆ ئەو مەبەستە هەبوو، لەم خولەی پەرلەمانیشدا جگە لە پارتی، گۆڕانیش پرۆژەی بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە ئامادە کردووە.

فراکسیۆنی نەوەی نوێش پێیوایە، کۆمەڵێک پرۆژە یاسای گرنگتر هەیە لە کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم، کە پێویستە پەرلەمان پەسەندیان بکات، کە بریتین لە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و دەرماڵە، داواشدەکەن لەکاتی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمدا، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم سنوردار بێت.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی کاردەکات بۆئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، کاندیدی سەرۆکی حکومەت ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، تا لەو ڕێگایەوە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بێت.

ع.م