سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانى قەرزێکى زۆر وەک میرات بۆ مەسرور بارزانى جێدەهێڵێت

فۆتۆ: 
2019-03-09

26783 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا کە سەروبەندى پێکهێنانى کابینەى نوێ یە، نێچیرڤان بارزانى دواى نزیکەى ١٨ساڵ، تاپۆى کورسى چوار ساڵى حوکمڕانيى بۆ مەسرور بارزانى  ئامۆزاى جێ دەهێڵێت، ئەوەى کە لەئێستادا زۆرترین قسەو باسى لەبارەوە دەکرێت جێهێشتنى قەرزێکى زۆرى کەڵەکەبووى چەند ساڵى ڕابردووە، وەک میراتيى بۆ کابینەى نۆیەم و بوونى گرفتی یەکجار زۆر بۆ مەسرور بارزانى و هەڵگرتنى پاشەکەوتى موچەیە لەکۆتاییەکانى تەمەنى کابینەکەى.

٨ى ئەم مانگە لە کات و ساتێکى چاوەڕواننەکراودا نێچیرڤان بارزانى هەڵوەشاندنەوەى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى ڕاگەیاند وئەمەى کردە دەستکەوتێک بۆ کابینەکەى خۆى.

ڕەخنەگرانى دۆخى هەرێم پێیان وایە لابردنى پاشەکەوتى موچە بەشێکى پەیوەندى بە ململانێی مەسرور و نێچیرڤانەوە هەبووە و، نێچیرڤان بارزانى ویستى ئەو کلتورى پاشەکەوتى موچەیەى کە لەسەردەمى حوکمڕانيى ئەودا بەدیاریکراوى لە مانگى شوباتى ٢٠١٦ داهێنرا، بەر لەکۆتایى تەمەنى کابینەکەى هەڵی بوەشێنێتەوە و بیکاتە دەستکەوت بۆخۆى نەک بۆ  مەسرور بارزانی ئامۆزاى، واتە بڕیارى هەڵوەشاندنەوەکەى بۆخۆى داناو و خەرجکردن و دانەوەى موچەى تەواوى فەرمانبەرانى کردە ئەمرى واقع لەسەر حکومەتى داهاتوو.

شیکەرەوان دەڵێن، نێچیرڤان بارزانى خۆى موژدەى هەڵگرتنى موچەکەى ڕاگەیاند، بەڵام بڕیارەکەى بە ئامانج ڕەحیمى سکرتێرى یاسایى ئەنجومەنى وەزیران خوێندەوە، ئەمەش وەک ئەوان باسى دەکەن پرسیارو گومانى زۆر هەڵدەگرێت، ئەوان دەڵێن، ڕەنگە هەڵگرتنى پاشەکەوتەکە بەشێوەیەکى هەمیشەیى نەبێت و تواناو قودرەتى مادیى کابینەکەى مەسرور بارزانى، لەو ئاستەدا نەبێت کە موچە بە بێ پاشەکەوت خەرج بکات، بۆ ئەوەشە نێچیرڤان دووچارى ئیحراجیى نەبێت، گەر مەسرور پابەند نەبێت بە بڕیارەکەیەوە.

پرسى هەڵگرتنى پاشەکەوتى موچە، لەناو یەکێتیشدا جۆرێک لەمشتومڕى دروستکردووە، بەتایبەت ئەو کاتەى کە بڕیارى سەپاندنى پاشەکەوتى موچە دەرکرا لەلایەن قوباد تاڵەبانى یەوە خوێنرایەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە کاتێک کە بڕیارى هەڵگرتنى پاشەکەوتەکە راگەیەندرا، بە بێ ئامادەیى قوباد تاڵەبانى خوێنرایەوە.

لەکابینەی هەشەتەمدا چەندینجار قوباد تاڵەبانی روبەڕوی رەخنەی خودی بەرپرسانی ناو حزبەکەشی بوویەوە، هەندێک بەبێ دەسەڵات وهەندێکی تر بەجانتاهەڵگر وهەندێکیش بە بەرپرسیار لە قەیرانەکان ناویان برد.

ماڵپەڕى خەندانى سەر بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عیراق لە راپۆرتێکدا بەناونیشانى (بۆچى قوباد تاڵەبانى لابردنى پاشەکەوتى موچەى رانەگەیاند؟)  پرسەکەى بە کڵاو لەسەرنانى قوباد تاڵەبانى و یەکێتى ناوبردووە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە.

ماڵپەرەکە نوسیویشیەتى، ئەمجارە بۆ مژدانە و دەسکەوتی ھەواڵە خۆشەکە نێچیرڤان بارزانی، جێگرەکەی خۆی ڕانەسپارد و خۆی ھەواڵەکەی دا بەگوێی خەڵکی کوردستاندا، بەمەش نێچیرڤان بارزانی بڕیاڕە قورسەکەی بەجێگرەکەی خوێندەوە کە ئەو کات ئەم بڕیارى پاشەکەوتکردنە زۆرترین قسەو کاردانەوەى هاوڵاتیانى لێکەوتەوە بەرامبەر خۆى و حزبەکەى و خۆی بڕیاڕەکەی راگەیاند.

ئ.ر