سەردێڕ:

ڕێککەوتنەکەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای دانە غاز کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-07

3591 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا بەشێک لە لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکەن و کابینەی ھەشتەم لە کۆتا ڕۆژەکانی نزیکدەبێتەوە، بەڵام حکومەت لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئاشتی ھەورامییەوە گرێبەستێکی ٢٠ ساڵیی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی واژۆکرد.


لەکاتێکدا بەشێک لە لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکەن و کابینەی ھەشتەم لە کۆتا ڕۆژەکانی نزیکدەبێتەوە، بەڵام حکومەت لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئاشتی ھەورامییەوە گرێبەستێکی ٢٠ ساڵیی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی واژۆکرد.

گرێبەستەکە بە مەبەستی بەرھەمھێنانی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای غازە بۆ ئیشپێکردنی وێستگە ناوخۆییەکانی کارەبا.

بەپێی گرێبەستەکە، ھەردوو کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی ھیلال لە ماوەی دوو ساڵدا، بەرھەمھێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بە ڕێژەی ٦٣% زیاد دەکەن و لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرھەمی ڕۆژانەی بەرھەمھێنانی غاز دەگەیەننە ٦٥٠ ملیۆن پێ سێجا و، ساڵی دواتریش بۆ ٩٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرھەمھێنانیان زیاد دەکەن.

ئەم ڕێککەوتنە لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان زیاتر وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر کارەکانی دەکات و ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانیی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمن، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەبێ ئاگاداری پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە گرێبەستەکەی واژۆکردووە.

کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دەبوایە پەرلەمان لەو گرێبەستە ئاگاداربکرایەتەوە و لە ئێستادا نەدەبوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو گرێبەستە واژۆ بکات.

لەلایەکی دیکەوە، شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ھەڵەیەکی گەورەی کردووە و قابیلی قبوڵ نییە، چونکە ھەمیشە لەکاتی غیابی پەرلەمان و کۆتاییھاتنی تەمەنی حکومەتدا گرێبەستە ستراتیژییەکان واژۆ دەکات و دواتریش کەس ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نازانێت، بۆیە ناکرێت قبوڵبکرێت.

ساڵی ٢٠١٣ کاتێک لایەنەکان ھاوشێوەی ئێستا سەرقاڵی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم بوون، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستی ٥٠ ساڵی لەگەڵ وڵاتی تورکیا واژۆکرد، پاشان لەکاتی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستاندا بە ھەمان شێوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ڕوز نەفت بەبێ ئاگاداریی پەرلەمان واژۆ کرد، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ھیچ  لایەنێک ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەم جۆرە گرێبەستانە نییە و نازانرێت ھۆکار و سوودەکانی چی دەبێت.
ئـ. فـ






‌بەپەلە