سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم: ئەو دەستگیرکراوانەی داعش لە خوار ١٨ ساڵانەوەن قوربانین نەک تاوانبار

لە وەڵامی هیومان رایتس وۆچدا
لۆگۆی حکومەتی هەرێم
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-07

1837 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێم لە وەڵامی راپۆرتێکی هیومان رایتس وۆچدا ڕایگەیاند، گیراوانی داعش كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار.


حکومەتی هەرێم لە وەڵامی راپۆرتێکی هیومان رایتس وۆچدا ڕایگەیاند، گیراوانی داعش كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم هەمیشە راپۆرتی رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان بە هەندوەردەگرێت، بەڵام لە ڕاپۆرتێکیدا هیوامان رایتس وۆچ تۆمەتی جۆراوجۆری خستووەتە پاڵ دامودەزگاکانی حكومەتی هەرێم.

دەشڵێت، ڕێكخراوەکە سەردانی شوێنی دەستگیركردن و مانەوەی ئەو مێردمنداڵانەی نەكردووە، بۆ ئەوەی پشت بە زانیاری دروست ببەستێت و هیچ كەسێكیش بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگاییكردنی سزایی، مامەڵەیان لەگەڵدادەكرێت، تۆمەتباریش مافی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات و ئەگەر نەیتوانی پێویستە دادگا پارێزەری بۆ دابین بكات.

 باسی لەوەشکرد ، لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەدا کە گیراونەتە بەر تا ئێستادا (٩٠)كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەیە لەوانە (١٤) كوڕ كە راگیراوە و (٥٠)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابوون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە لێوەی هاتبوون.

پێشتریش ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان، هەزار و ٥٠٠  منداڵیان بە تۆمەتی  تیرۆر و ئەندامبوونیان لە ڕێکخراوی داعش تۆمەتبار و دەستگیرکردووە.