سەردێڕ:

وردەکاریی دیکە لەسەر هەوڵی کودەتاکەی سەر ئەبوبەکر بەغدادی ئاشکرابوو

ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-11

15740 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لێدوانی شایەتحاڵی نوێی بڵاوکردووەتەوە دەربارەی ئەو هەوڵی کودەتایەی کە ڕووبەڕووی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ڕێکخراوی داعش بووەتەوە لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامە بیانییەکانی ڕێکخراوەکەوە.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکیدا دوێنی یەکشەممە (١٠ی شوباتی ٢٠١٩) لە زاری کەسێکەوە بە ناوی (جومعە حەمدان)، کە هاووڵاتییەکی سورییەوە، بڵاویکردووەتەوە، کە ئاماژە بەوە دەکات ئەو لەو ناوچە بچووکەی ژێر دەستی ڕێکخراوی داعش توانیویەتی خۆی ڕزگار بکات لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ڕوونیکردووەتەوە پێکدادانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لە نێوان "داعشە کودەتاچییەکان" و پاسەوانەکانی بەغدادی زۆر توندوتیژ بووە، بە دیاریکراوییش لە گوندی کەشمەی نزیک شارۆچکەی باغور بەرپابووە، کە لە ئێستادا بە دوا پێگەی داعش دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات و ماوەی دوو ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتییەوە هێرشی لەسەرە.

ئەو هاووڵاتییە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، "بە چاوی خۆی ئەبوبەکر بەغدادی لە گوندی کەشمە بینیووە و کودەتاچییەکان ویستوویانە دەستبەسەری بکەن، شەڕێکی سەخت هاتووەتە ئاراوە، ئەو چەکدارە کودەتاچییانەی داعش چەندین تونێلیان لە ماڵەکانی گوندەکە بەدەستەوەبووە، زۆربەیان هاووڵاتی تونسی بوون و، لە ڕووبەڕووبوونەوەکان ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون.

جومعە حەمدان وتوویەتی، "بەغدادی و پاسەوانەکانی ماوەی شەش مانگ بووە لەو ناوچەیە بوون، سەرۆکی ڕێکخراوی داعش لەو ماوەیەدا ویستوویەتی بە شێوەیەکی ئاسایی خۆی دەربخات و ئوتۆمبێلێکی ڕەنگ سوری کۆنی بەکارهێناوە بۆ هاتوچۆکانی."

لەلایەکی ترەوە عەدنان عەفرینی لێپرسراوی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەوانەی بەشداریی ڕووبەڕووبوونەوەکانی خۆبەخۆی ڕێکخراوەکەیان کردووە زۆربەیان هاووڵاتی جەزائیری و مەغریبی بوون.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا گاردیان ئاشکرایکردووە، مەعاز جەزائیری، کە یەکێک لە جەنگاوەرە دێرینەکانی ناو ڕێکخراوی داعشە، لە پشت هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەوە بووە بەسەر بەغدادیدا و لە ئێستادا داعش پاداشتی دیاریکردووە بۆ هەر کەسێک کە بە زیندوویی یان مردوویی ڕادەستیان بکات.

بەرپرسانی هەواڵگریی عێراقی و بەریتانی و ئەمریکییش ڕایانگەیاندووە، دڵنیان لەوەی بەغدادی لەم ماوەیەی پێشوودا لەناو چەکدارانی ڕێکخراوەکەیدا بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە، لە ئێستادا ژمارەی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری ٥٠٠ چەکداردایە کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا ماون و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە گەمارۆدراون.

ع.م