سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. دایکێک منداڵەکەی لە مەرگ نزیک دەکاتەوە

فۆتۆ: میدیا جیهانییەکان
2019-01-27

28150 جار خوێندراوەتەوە

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی دایکێک کە ژیانی کوڕەکەی لە مردن نزیکدەکاتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی میسردا دەنگۆیەکی زۆری بەدوادا هات، بە جۆرێک وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتیی میسری هێنایەدەنگ.


بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی دایکێک کە ژیانی کوڕەکەی لە مردن نزیکدەکاتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی میسردا دەنگۆیەکی زۆری بەدوادا هات، بە جۆرێک وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتیی میسری هێنایەدەنگ.

لە بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی ناوخۆی میسردا هاتووە، "سەرکەوتووبووین لە دۆزینەوەی ناسنامەی ئەو دایک و منداڵەی کە گرتە ڤیدیۆکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کە دایکەکە کوڕەکەی ناچاردەکات لە پەنجەرەی باڵەخانەیەکی ترەوە بچێت بۆ باڵکۆنی باڵەخانەیەکی بەرامبەر، بەم کارەی ژیانی کوڕەکەی خستووەتە مەترسییەوە."

هەروەک لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە، کە لە پەیجی فەیسبووکی وەزارەتی ناوخۆی میسردا بڵاوکراوەتەوە، "لە ماوەی ڕۆژێکدا گرتە ڤیدیۆیەک بە ناونیشانی 'دایکی منداڵی باڵکۆنەکە' بڵاوبووەتەوە، کە کوڕەکەی ناچاردەکات بەسەر پلیکانەی باڵکۆنی بەرامبەردا سەربکەوێت، بەڵام کوڕەکەی ناتوانێت و لە ترساندا دەست بە گریان و هاوار دەکات، بە جۆرێک دایکەکە لەو ساتەدا ئازاری منداڵەکەی دەدات و قاچەکانی بەردەدات، بە شێوەیەک کە خەریکە دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام لە کۆتاییدا کوڕەکەی لە پەنجەرەکەوە دەکاتە ژوورەوە و بە شێوەیەکی توند لە کوڕەکەی دەدات".

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە لە دوای زانین و بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە بەدواداچوونمان بۆ کردووە و ناسنامەی دایک و کوڕەکە ئاشکرابووە، کە دایکەکە ناوی "هند ر.م – ٣٥ ساڵە و خزمەتگوزارە" کوڕەکەشی ناوی "ئوسامە ع.ا – ١٣ ساڵە، خوێندکارە" و لە ئێستادا دایکەکە دەستبەسەرە و لە دادگا وتەکانی لێ وەرگیراوە.

دوای دەستگیرکردنی ئەو دایکە، لەبەردەم داواکاری گشتی دانی بە تاوانەکەیدا ناو ڕایگەیاند، کاتێک لەماڵ چووەتە دەرەوە بۆ کارەکەی، دەرگای شوقەکەی لەسەر چوار منداڵەکەی داخستووە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی لە کار منداڵەکانی لەسەر شەقام بینیوە کە یاری دەکەن و، کلیلی شوقەکەیان لە ماڵەکە بەجێهێشتووە، ئەم کارەی منداڵەکانی بووەتە هۆی توڕەبوونی دایکەکە و، کوڕە گەورەکەی (ئوسامە) ناچارکردووە لە پەنجەرەی شوقەیەکی ترەوە بچێتە شوقەکەی خۆیان، بەڵام منداڵەکەی نەیتوانیوە ئەو کارە بکات، لە دواتردا دەستیکردووە بە لێدانی کوڕەکەی.

لە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی میسردا هاتووە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دایکەکە دەگرنەبەر.

بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی میسر ئەو ئافرەتە لەگەڵ مێرد و چوار منداڵەکەی لە شوقەیەکدا لە پارێزگای گیزە دەژین، کە لە قاهیرە نزیکە، هاوسەری ئەو ئافرەتە بەهۆی کارکردنەوە گەشتیکردووە بۆ پارێزگای فیوم.

دایکەکە لە دانپێدانانەکەیدا وتوویەتی، "هەرگیز مەبەستم نەبووە ئازاری کوڕەکەم بدەم و ژیانی بخەمە مەترسییەوە، بەڵام لەبەر شکستهێنانی لە کارەکەی دووبارە لێمداوەتەوە، هەربۆیە بە ناچاری دەرگای شوقەکەم شکاندووە و چوومەتە ژوورەوە، ئاگاداری ئەوەش نەبووم کە ڤیدیۆم گیراوە و لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە و، کەسێکیش لە دژم سکاڵای تۆمارکردووە."

ئـ. فـ