سەردێڕ:

ئەردۆغان: ڕێگە نادەین بە دروستکردنی ناوچەیەکی هاوشێوەی باکوری عێراق لە سوریا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-21

52491 جار خوێندراوەتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سوریا وەک ئەوەی پێشتر لە باکوری عێراق دروستبوو.


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سوریا وەک ئەوەی پێشتر لە باکوری عێراق دروستبوو.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە (٢١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، تورکیا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە سوریا، کە ببێتە "زۆنگاوێک" وەک ئەوەی پێشتر لە باکوری عێراق دروستبوو.

ئەو ئاماژەیەی ئەردۆغان بۆ ئەو ناوچە ئارامەیە کە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆکی تورکیا تاوتوێیان کردبوو.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە چالاکییەکدا لە ئەنکەرە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ هەموو ئەوانە ئامادەیە کاردەکات کە خواستی ببێت پشتیوانی لۆجستی بکات لەو ناوچە ئارامە چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ڕێوشوێنێکی پەیوەندیدار بەرامبەر سوریا دەگرنە بەر ، ئەگەر بێتوو پابەندی ئە بەڵێنانە نەبن کە بە ئەنکەرە دراوە لەو بارەیەوە.

ئەو لێدوانە نوێیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ناوبراو رایگەیاند لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفونییان ئەنجامدا وە و باسیان لە پرسی سوریا و دروستکردنی ناوچەی ئارام و ئاسایشی ناوچەکە کردووە.

بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی تورکیا، لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا ئەردۆغان بە تڕەمپی راگەیاندووە، ئامانجی تەقینەوەکەی منبج کە تێیدا چوار سەربازی ئەمریکی کوژرا، بۆ دانانی کاریگەری و پێداچوونەوەی ئەمریکا بووە بە بڕیاری کشانەوە لە سوریا و هێزە کوردییەکانی سوریا دەیانەوێت ئەمریکا لە بڕیاری کشانەوە لە سوریا پەشیمان بکەنەوە.

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەش ئه‌ردۆغان ورده‌كاریی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تڕه‌مپ ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، هەردووکیان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لەسەر سنوری تورکیا و سوریا دروستبکرێت.

ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەش برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکی کارەساتبارە و، دوژمنەکانی واشنتۆن بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەسیحی.

ع.م