سەردێڕ:

بەفر و سەرما بەهایان بۆ خواردنە کوردەوارییەکان گێڕاوەتەوە

خۆراکە کوردەوارییەکان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-19

3690 جار خوێندراوەتەوە

بەفر و سەرما بەها بۆ هەندێک خواردنی کوردەواری لەنێویاندا ترخێنە دەگێڕنەوە، خواردنیشی وەک نەریتێک و پێویستییەکی هاوڵاتیانی لێهاتووە و زۆرکەس ڕۆژە ساردەکانی زستان، بەتایبەت ڕۆژانی بەفر بەبێ خواردنی ترخێنە بەڕێناکەن.

بازاڕەکانی فرۆشتنی خواردنە کوردەوارییەکان لە وەرزی زستاندا فرۆشیان زیاتر دەبێت و زۆرێک لەو کەسانەش بۆ کڕینی ترخێنە ڕوو لەم بازاڕانە دەکەن.

ئەگەرچی پێشتر زۆربەی خێزانەکان ترخێنەیان دروستدەکرد و هەڵیان دەگرت بۆ سەرما و ڕۆژە بەفراوییەکانی زستان بەڵام ئێستا بۆ زۆرکەس بەتایبەت نەوەی ئەم سەردەمە خۆراکێکی ئاشنا و ناسراو نیە، بۆیە ئێستا ئەوانەی بەفر و سەرما هانیان دەدا بۆ خواردنی، لە بازاڕ دەیکڕن و لەناو ماڵ و خێزانەکانیان ڕۆژە ساردەکانیان بە خواردنی ژەمێک ترخێنە گەرم دەکەنەوە.

تەنها ترخێنە نیە خەڵک لە وەرزی زستاندا خواستیان لەسەری زیاد دەکات بەڵکو چەندین خواردنی دیکەی کوردەواریشە کە لەم وەرزەدا خەڵک ڕوو لە خواردنی دەکەن.

ئەگەرچی چەندین چێشتخانە و خواردنگە کراونەتەوە کە بەشێک لە خواردنە کوردەوارییەکان لە نێویاندا ترخێنە پێشکەش دەکەن بەڵام بۆ زۆر کەس تام و چێژی خواردنەکە لە سەرسفرە و نێو ماڵ و ناو ئەندامانی خێزانەکانیان زیاترە، ئێستا ترخێنە لە گوندەکان زیاتر دروست دەکرێت و لە شارەکانیشدا چەندین بازاڕی فرۆشتنی خواردنە کوردەوارییەکان کراونەتەوە.

 سەرەڕای پەیدابوونی چەندین جۆری خواردنی ڕۆژئاوایی و بیانی لە هەرێم بەڵام هێشتا بەهای بەشێک لە خواردنە  کوردەوارییەکان لای هەندێک کەس وەک خۆی ماوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لێیە بەفر و سەرما دەکەنە بیانوو تا تام و چێژی ترخێنە و خواردنە کوردەوارییەکان بکەن

ع.ا