سەردێڕ:

هاوپەیمانان بەشوێن کەسێکدا دەگەڕێن هاوکاریی خۆکوژەکەی شاری مەنبجی سوریای کردووە

چوار سەربازی ئەمریکای تیا کوژرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-18

3829 جار خوێندراوەتەوە

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە متمانەپێکراوەکان لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی شاری مەنبجی سوریا، کە لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەدا ڕوویدا، دەکرێت و، ئەو کەسەی لە وێنەی ڤیدیۆیی بەر لە تەقینەوەکەدا دەرکەوتووە، دەردەکەوێت ئافرەتێکی لەگەڵدایە و بردوویەتییە چێشتخانەیەکی شوێنی تەقینەوەکە و خۆشی خۆی ڕزگارکردووە، لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکانی شارەکە و هاوپەیمانان بەشوێن ئەو کەسەدا دەگەڕێن.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری لەو ناوچەیە بەدەستهاتووە، کە هاوکاتە لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا FBI، کەسێک خۆکوژەکەی گەیاندووەتە ناو چێشتخانەکە و بەرلەوەی خۆی بتەقێنێتەوە ناوچەکەی جێهێشتووە.

ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، لە ئێستادا گەڕان بەدوای ئەو کەسەدا بەردەوامە کە لە شوێنی تەقینەوەکە هەڵاتووە بەر لە یەک خولەکە لە ڕوودانی تەقینەوەکە.

ڕێکخراوەکە ئاشکراشیکرد، دوای گەیشتنی تیمی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا بۆ شاری مەنبج، ٩٠ سەربازی دیکەی ئەمریکا لە ڕێگەی پاسی نەفەربەر و بە پاسەوانی ئوتۆمبێلی سەربازی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە شارەکە و، بەردەوامیش هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی چاودێری بە ئاسمانی شارەکەدا دەسوڕێنەوە.

ڕوانگەی سوری لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاشکرایکردووە، هەڵاتووە تۆمەتبارەکە دانیشتووی ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی (قەڵغانی فوڕات)ە.

لە تەقینەوەکەی ناو چێشتخانەی (ئەلئومەرا)ی شاری مەنبج  ١٩ کەس کوژران، کە چوار کەسیان سەربازی ئەمریکی بوون لەگەڵ ٥ لە یاریدەدەرەکانیان و ١٠ هاووڵاتی مەدەنیش لە دانیشتووانی شارەکە و ژمارەیەک بریندار.

ع.م