سەردێڕ:

کەرکوک.. گروپێک لە سوپای عێراق سەرانەیان لە هاوڵاتیان وەرگرتووە

فۆتۆ: 
2019-01-18

1359 جار خوێندراوەتەوە

یەکەیەک لە سوپای عێراق لە سنوری دوزخورماتوو، سەرانە لە خەڵکی ناوچەکە وەردەگرن و، پۆلیسی کەرکوکیش باندێکی دزی کردنی ئۆتۆمبێلی لە سنوری داقوق دەستگیر کردووە، کە کارمەندی سوپای عێراقن.


دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی، کەرکوک، ئاسۆ ئەحمەد

یەکەیەک لە سوپای عێراق لە سنوری دوزخورماتوو، سەرانە لە خەڵکی ناوچەکە وەردەگرن و، پۆلیسی کەرکوکیش باندێکی دزی کردنی ئۆتۆمبێلی لە سنوری داقوق دەستگیر کردووە، کە کارمەندی سوپای عێراقن.

پەیامنێری ئێن ئاڕتی لە کەرکوك ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە بازگەیەکی سنوری دوزخورماتوو، لە لایەن هێزێکی سوپای عێراقەوە بە ناوی "فەوجی تەواری" دوو هاوڵاتی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان دەستبەسەر کراون و دواتر لەبەرامبەر ئازادکردنیاندا بڕی دوو هەزار ٥٠٠ دۆلاریان لێوەرگرتوون.

هاوکات بەرێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاندووە، لە سنوری داقوق باندێکی دزی کردنی ئۆتۆمبێلیان دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارن بەوەی  چەندین جار لەناوخۆی پارێزگای کەرکوك و قەزای داقوق و لە رێگای کەرکوك - بەغدا ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیان دزیوە.

پۆلیسی کەرکوک ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیر کراون کارمەندن لە سوپای عێراقدا.

ئەمە لە کاتێکدایە سەڕەرای بوونی نائارامی دۆخی کەرکوک و دروست بونی ترس و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، دزین و سەرانە وەرگرتنیش لەو شارەدا سەری هەڵداوە.

د.ن