سەردێڕ:

بەهۆی بەفرو بارانەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە هەرێم بەردەوامە

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17

11481 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بەردەوامی بەفر و بارانەوە چەند رێگایەک لە سنوری پارێزگای هەولێر و سلێمانی داخراون و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە رێگای سماقۆڵی داخراوە و چەند خێزانێک لە سنوری کۆیە گیریانخواردووە.

فازیل حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆى هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی راگەیاند، لە ئێستادا ڕێگای هیران شەقڵاوە، هیران چیای سەفین و ڕێگای هەریر ڕانیە بەهۆی بەفربارینەوە داخراون و هاوتوچۆ تێیاندا ڕاگیراوە.

ڕاشیگەیاند، چاوەرێدەکرێت ئەمشەو شەختە و بەستنی ڕیگاکان دروست بێت و پێویستە شۆفێران ئاگاداربن.

لەلایەکی دیکەوە، کاروان سدیق وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە لە ئێستادا ڕێگای ملەکەوە پێنجوێن و دەباشان و جاڤی لاند و قەرەداخ داخراون و هاتوچۆی شۆفێران تێیدا پەکیکەوتووە.

هاوکات هاتوچۆی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات پابەندی رێنمایەکانی هاتوچۆبن بۆ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو روونەدات.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سنوری کۆیە و لە کلکەسماق ژمارەیەک خێزان گیریان خواردووە، و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەهانایانەوە دەچوون بەڵام تاوەکو ئێستا لە شوێنی خۆیانن و رزگار نەکراون.

هاوكات، زاهیر محمد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند بەهۆی زۆری باران بارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی سماقوڵی لەئێستا ناتوانرێت  کێشەکە چارەسەر بکرێت.

ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا شوفێران دەتوانن لەبری ڕێگای سماقوڵی هەریەکە لە ڕێگاکانی شەقڵاوە ـ سکتان و دێگەڵە ـ کۆیە بەکاربهێنن.

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و بارانبارین، لە چەندین ناوچەی کوردستان ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان دروستبووە و چەندین جار ڕێگای نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر  و سلێمانی و گەرمیان ئاستەنگی بۆ دروستبووە.

ئـ. فـ