سەردێڕ:

سەنتەری میترۆ: ساڵی رابردوو ٢٤ رۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراون

کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی سەنتەری میترۆ
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-17

1798 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری میترۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ساڵی (٢٠١٨)دا ٢٤ رۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراون.

شنە بابا عەلی ئامارەکانی ساڵی رابردووی سەنتەری میترۆی راگەیاند و وتی، " هەر لەساڵی رابردوودا ١٧ رۆژنامەنووس بە بڕیاری دادگا و لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسی دەستگیرکراون."

راشیگەیاند، ٢٦٤ رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە سەنتەری میترۆ سکاڵایان تۆمارکردووە کە ٣٤٩ پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

بە پێی ئامارەکانی سەنتەرەکە، پێشێلکارییەکان بەم جۆرە بوون:

رێگریی و جیاکاریی ١٨٨

دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا ٢٤

فەرمانی دەستگیرکردن بە بڕیاری داگا و لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسی ١٧

لێدان ١٣

برینداربوون ١٢

شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی ٣

زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی ٢٦

هێرش، هەڕەشە و سوکایەتی ٥٧

تەقەکردن و هێرش بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنووس ٣

سوتاندنی کەناڵ ١

راگرتنی پەخش ٥

سەنتەری میترۆ راشیگەیاند، ساڵی ٢٠١٨ بە هەموو پێوەرەکان ساڵی رێگریی لە روماڵکردن وجیاکاریی بەرامبەر دەزگاکانی میدیا بووە و ساڵێکی خراپ بووە بۆ پێدانی زانیاریی.

هاوکات زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا رایگەیاند، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ  لە ساڵی ٢٠١٣  سێکتەرێکیان بۆ بەرگری کردن لە مافی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران و پارێزگاریکردن لە مافەکانیان داناوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی دەستەی سەربە خۆی مافی مرۆڤە هەمیشە و بەردەوام بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان بکات و فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کورستان ئەو راپۆرتە بە گرنگ سەیر بکرێت.

وتیشی، وەك چۆن راپۆرتێکی جیهانی بە گرنگ سەیر دەکرێت و مییدیا کوردیەکان پێوەی سەرقاڵ دەبن، پێویستە ئەم راپۆرتەی سەنتەری میترۆ کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە بە گرنگ سەیر بکرێت و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رۆژنامەنووسان بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێن.

ع.ا