سەردێڕ:

نەوەی نوێ و بەرەی ئیسڵاحی عێراقی جەختیان لە هاوپەیمانێتی نێوانیان کردەوە

فۆتۆ: 
2019-01-15

2365 جار خوێندراوەتەوە

شاندێکی باڵای بەرەی ئیسڵاحی عێراقیی لە سلێمانی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا کۆبوونەوە و جەختیان لەو هاوپەیمانێتییە کردەوە، کە لە پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی دروستیانکردوو و نەوەی نوێش بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە.


شاندێکی باڵای بەرەی ئیسڵاحی عێراقیی لە سلێمانی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێدا کۆبوونەوە و جەختیان لەو هاوپەیمانێتییە کردەوە، کە لە پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی دروستیانکردوو و نەوەی نوێش بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیشدا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، جارێکی دیکە لەگەڵ سەرکردەکانی بەرەی ئیسڵاح جەختیان لەسەر پتەوی هاوپەیمانێتییەکە بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

وتیشی، ئەوان دەیانەوێت سنورەکانی نەتەوەیی و مەزهەبی تێبپەڕێنن و هەر هەنگاوێک لە بەرژەوەندی هاوڵاتییاندا بێت ئەوان بێ دوودڵی دەینێن.

باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت لەڕێی ئەو هاوپەیمانێتییەوە هاوڵاتییانی هەرێم بەدەربکەن لەو سزایانەی کە حکومەتی عێراق بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەپاندوونی و، لە ئایندەشدا هەر گرفتێک لە نێوان هەرێم و بەغدا ڕوویدا، نابێت فەرمانبەران و هاوڵاتییانی هەرێم باجەکەی بدەن، بەڵکو دەبێت ئەو سەرکردانە باجەکەی بدەن کە دەبنەهۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا.

سەرکردەیەکی بەرەی ئیسڵاحیش باسی لە گرنگیی هاوپەیمانێتییەکە کرد و دەڵیت، دەیانەوێت هەموو کارێکی سیاسیی و پەرلەمانیی لەگەڵ یەکتر بکەن و ئامانجی هەموو لایەکیان لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا خزمەتکردنی هاوڵاتییانە.

شاسوار عەبدولواحید باسیشی لەوە کرد کە ئەوان بەو هاوپەیمانێتییە توانیویانە نزیکەی ١٤٠ کورسی پەرلەمانیی کۆبکەنەوە، کە بەو ڕێژەیەش باشتر دەتوانرێت خزمەتی هاوڵاتییان بکرێت نەک بەو سیاسەتەی پارتی و یەکێتی.

بەرەی ئیسڵاح بەرەیەکی هاوبەشی سیاسییە، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە لەلایەن بەشێک لە هێز و سیاسییەکانەوە دروستکرا و نەوەی نوێش وەک تاکە هێزی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەشدارە لەو هاوپەیمانێتییەدا.