سەردێڕ:

هەرێم.. ساڵى ٢٠١٨ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە

ساڵى ٢٠١٨ لە هەرێم بەهۆی تەقینەوەی مینەوە ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-15

685 جار خوێندراوەتەوە

​ساڵی ڕابردوو ٣٥ کەس لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و ڕێژەی قوربانییەکانیش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ زیادیکردووە.


ساڵی ڕابردوو ٣٥ کەس لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و ڕێژەی قوربانییەکانیش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ زیادیکردووە.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای مین، لە ساڵی ٢٠١٧دا ١١ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و ١٢ کەسیش برینداربوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕێژەکە بەرزبووەتەوە و ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٤ کەس برینداربوون.

سیراچ بارزانی سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڕووبەرى زیاتر لە ٦ ملیۆن مەتر دووجا لە مین پاکراوەتەوە و زیاتر لە ٣ هەزارمینیش لەناوبراون.  

بەوتەی بەرپرسانی دەزگای مین، کەلوپەلەکانیان لە ئاستی ستانداردی جیهانیدایە، بەشێک لە وڵاتان هاوکارییان کردوون بۆ دابینکردنی ئەو کەلوپەلانە، بەڵام حکومەتی عێراق هاوکاری نەکردوون.

لە ساڵی ڕابردووشدا ٦٥ کێڵگە لە مین لە هەرێمی کوردستاندا پاککراونەتەوە، کە ڕووبەرەکەیان شەش ملیۆن و ٤٢٥ هەزار و ١٦٤ مەتر چوار گۆشە بووە.

عوبێد ئەحمەد بەڕێوەبەری تەكنیكی لە دەزگای گشتی كاروباری مینیش دەڵێت، سەنتەرى پەلى دەستکرد هەیە بۆ دووبارە گەڕانەوەى خەڵکى قوبانى بۆ کۆمەڵگە و لەژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتى تەندروستی کاردەکەن، ئەو سەنتەرانە پەلى دەستکرد دروستدەکەن بۆ ئەو کەسانەى کە کەمئەندام بوون بەهۆى مین یان هەر شتێکى دیکەوە.

تیمەکانی دەزگای مین ساڵی ڕابردوو ٢٢ هەزار مین و تەقەمانییان هەڵگرتووەتەوە، کە بەشێکیان دژەتانک بوون، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووشدا، زیاتر لە ١٣ هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.

ئ.ر