سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: هەوڵی تەواو دەدەین بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد

ئارەزوو مەحمود ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

2853 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

ئارەزوو مەحمود ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوا هەوڵی خۆیان دەدەن وەزارەتی داد بۆ یەکێتی بێت و ئەگەر نا کوردێک دیاریبکرێت هەموو لایەنەکان پەسەندی بکەن.

ئارەزوو مەحمود لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی راشیگەیاند،  ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان گواستراونەتەوە بۆ بەغدا و ئەگەر هاوکار و خاوەن یەک هاوپەیمانی یەکگرتووی گەورە بوونایە ٤ وەزارەتیان بەردەکەوت، بەڵام لە ئێستادا کورد دوو وەزارەتی هەیە و دەبێت بە سێ.

راشیگەیاند، یەکێتی لەسەر وەزارەتی داد کێشەی دروستنەکردووە و هۆکاری دواخستنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی نین، بەڵام ئەم وەزارەتە ئیستیحقاقی دەنگدەری یەکێتییە.

دەربارەی پرسی بودجەش رایگەیاند، نزیکەی نۆ خاڵی بودجەیان رەتکردەوە بە یەکگرتووی لایەنە کوردییەکان و ناردیان بۆ حکومەت بەڵام لە بودجەدا جێگەی نەکرایەوە.

دەربارەی بڕگەی (جیم)ی مادەی ١٠ی بودجە کە ئەگەر هەرێمیش نەوت رادەستی بەغدا نەکات موچەی فەرمانبەران نابڕدرێت، ئارەزوو مەحمود رایگەیاند، فراکسیۆنە عەرەبیەکان دەیانەوێت بڕگەی جیم لە بودجەدا دەربهێنن.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش لە بەغدا رایگەیاند، هەوڵی تێپەڕاندنی وەزارەتی داد دەدرێت و یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆش دەکەونە وەرزی دووەمی یاسادانان.

راشیگەیاند، پەرلەمان هەموو هەوڵێک دەدات لە دوو هەفتەی داهاتوودا پرسی بودجە یەکلایی بکرێتەوە.

ع.ا