سەردێڕ:

برایەکی تارا حسێن: یەکێتی ژنە زیندانییەکانی بێسەروشوێن کردووە

تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-12

6501 جار خوێندراوەتەوە

سۆران حسێن برای تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، دوای بەدواداچونێکی بۆ چارەنوسی ئەو ژنانەی دوێنێ لە سەکۆی ئازادی دەستگیرکراون هیچ زانیارییەک لەسەریان نیە و یەکێتی بێسەروشوێنی کردوون.

سۆران حسێن برای تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای بەدواداچوونێکی زۆر بۆ چارەنووسیی ئەو ژنانەی یەکێتی بە کۆمەڵ دەستگیری کردوون، هیچ زانیارییەکی دەستنەکەوتووە.

ڕاشیگەیاند، وتەبێژی ئاسایش ئامادەنییە هیچ زانیارییەک بدرکێنێت، هەربۆیە دەڵێین چارەنووسی زیاتر لە ٢٠ ژن نادیارە، ئاسایشی یەکێتی بێسەروشوێنی کردوون و هیچ زانیارییەک دەربارەی ژیان و تەندروستییان لەبەردەستدا نییە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی پێشیلکردنی تەواویی یاسا بەرکارەکانی خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ئەرکی پەڕلەمانتارانە بەخێرایی بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەکانی ژێر دەستی ئاسایشی یەکێتی بکەن، کە هاوشێوەی شەڕی ناوخۆ و بگرە خراپتریش سیاسەتمەداران و چالاکوانان بێسەروشوێن دەکەن.

دوای ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی، رۆژی هەینی (١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) تەڤگەری ئازادیی بڕیاریدا لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی فیلمەکە نمایشبکات، دواتر هێزێکی زۆری ئاسایش لە دەوروبەی پارکی ئازادی و ئەو شوێنەی بڕیاربوو فیلمەکەی تێدا نمایشبکرێت کۆبونەوە و ڕێگەیان نەدا فیلمەکە نمایش بکرێت، هەر بەوهۆیەشەوە تارا حسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکە لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی دەستگیرکران.

ئـ. فـ