سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی: ١٧ هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان

نزیکەی ٣٠ هەزار ئاوارە لە سلێمانیدا هەیە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-12

766 جار خوێندراوەتەوە

ئەو ئاوارانەی لە  کەمپەکاندا نیشتەجێن، سەرەڕای نەهامەتییەکانی ئاوارەیی هێشتا ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، زۆربەی ئەو ناوچانە، کێشەی ئەمنی و خزمەتگوزاری و کێشەی مەزھەبی و کۆمەڵایەتیان ھەیە و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

دوو ئاوارەی کەمپەکە کە خاوەنی ماڵ و منداڵن و نزیکەی ٤ ساڵە لە کەمپی ئاشتی نیشتەجێن، باسلەوە دەکەن کە ناوچەکەیان لە رووی ئەمنییەوە خراپە و خانووەکانیان رووخاوە. نایانەوێ بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و ژیانی ژێر خێمەیان لا باشترە.

تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی ڕایگەیاند، تاکوو ئێستا ئاوارەکانی ناو کەمپەکە کەسیان نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و دەشڵێت، بەشێکی زۆریان ئامادە نین بگەڕێنەوە.

چیا حسێن بەرێوەبەری نوسینگەی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان رێژەییە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر ژمارەى ئاوارە گەڕاوەکان جیاوازە، و بەشێک لەو ئاوارانەی ئەڕۆنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەدوای ئەوەی کەدەبینن گرفتی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری لەناوچەکانیان هەیە ناچار دەگەڕێنەوە بۆ ناو کەمپەکان.

بە پێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی، لە کۆی ٦٠٧ هەزار ئاوارەی سنووری پارێزگاکە  لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ ئاوارە خێزان لەناو کەمپەکاندا ماونەتەوە،بەشێکیشیان لەدەروەی کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن و  تاکوو ئێستاش نزیکەی ١٧ هەزار گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئـ. فـ