سەردێڕ:

منبج خاڵی سەرەکی ناکۆکی ئەمریکا و تورکیا لە سوریادا

فۆتۆ: 
2019-01-09

4851 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەنوێ سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەسەر کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکاتەوە و هەواڵی ڕۆژنامەیەکی ڕەتکردەوە کە گوایە هەڵوێستی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیان گۆڕیبێت.

دۆناڵد ترمپ ڕایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەکە بە شێوازێکی گونجاو و بە وریایی دەبێت کە تیایدا گیانی سەربازەکانیان پارێزراو بێت، وتیشی، لە شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش بەردەوام دەبن.

ئەو هەنگاوەی ئەمریکاش بووەتە مایەی دڵخۆشی تورکیا و لای خۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بە پێویستی زانی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمریکا بە هۆشداریی و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانى پلان بۆ کشانەوەى هێزەکانى دابنێت، تورکیاش تاکە وڵاتە کە ئامادەیە ئەو کارە بکات کە دووم هێزی ناتۆیە.

ئەردۆغان باسى لەوەشکرد، تا ئێستا ئەمریکا لە دۆسێی منبج بەڵێنەکانی نەبردووەتەسەر و لێدوانەکانی جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش ڕەتدەکاتەوە سەبارەت بە پاراستنی یەپەگە.

وتیشی، پلانیان هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە سوریا، ئەویش پێکهێنانی هێزێکە کە چەکداری سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریای لەخۆگرتبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە یەپەگە، هیچ کێشەیەکیان لەگەل کوردەکانی سوریادا نیە.

لەو چوارچێوەیەشدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ئاماژەی بەوەکرد، تورکیا بەڵێنى پێداون کە لە دواى کشانەوەى هێزەکانیان لە سوریا هێرش ناکاتە سەر هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، جگە لەوەش تورکیا پابەند دەبێت بەشەڕی دژ بە  داعش.

پۆمپیۆ باسی لەوەشکرد، لە دژایەتیکردنیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن و ناهێڵن کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا کاریگەریی هەبێت لەسەر ئامانجەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران و تێکشکاندنی داعش و ئەوەی بەلای حکومەتەکەیەوە گرنگە چەسپاندنی ئاسایشە لە ناوچەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هێشتا داعش لە جموجۆڵە چەکدارییەکانی لە سوریا بەردەوامە و لە نوێترین پێشهاتدا چەکدارێکی ئەو ڕێکخراوە هێرشی کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی یەپەگە لە شاری ڕەقە و بەهۆیەوە شەڕڤانێک و چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، دواتریش چەکدارەکە چووەتە ناو بنکەکەوە و خۆی تەقاندوەتەوە بەو هۆیەشەوە هەشت کەس برینداربوون.

ع.م