سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان.. دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سوێندی یاساییان بە قورئان خوارد

میدیا جیهانییەکان
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-05

2104 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی بڵاویکردووەتەوە، هەریەکە لە ئیلهان عومەر و رەشیدە تلەیب لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دەستبەکاربوونیان سوێندی یاساییان بە قورئان خواردووە. ئیلهان بە بەکارهێنانی کۆپییەک لە قورئانەکەی باپیری و ڕەشیدەیش بە بەکارهێنانی کۆپییەک لە قورئانێکی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران سوێندیان خواردووە. ئیلهان عومەر وتوویەتی، ٢٣ ساڵ بەر لە ئێستا وەکو ئاوارەیەک لە کامپێکی ئاوارەکان لە کینیاوە من و باوکم گەیشتینە فڕۆکەخانەیەکی واشنتن، ئەمڕۆش لەڕێگەی هەمان فڕۆکەخانەوە هاتووین بۆ واشنتن بۆئەوەی سوێندی یاسایی بخۆم بۆ دەستبەکاربوونم لە ئەنجومەنی نوێنەران. ئیلهان عومەر بە ڕەچەڵەک سۆماڵییە و ڕەشیدە تلەیبیش بە ڕەچەڵەک فەڵەستینییە و لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئیلهانیش یەکەمین ئافرەتی حیجابپۆش بوو لە مێژووی ئەمریکادا کە توانی بچێتە ئەنجومەنەکە.

+++

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، هاککەرەکان چەندین داتای شەخسیی سەدان سیاسیی ئەڵمانیایان لە پارتە گەورەکان بڵاوکردووەتەوە، لەناو داتاکانیشدا کریدیت کارت و ژمارەی مۆبایلیشیان تیادایە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش لەناو ئەو سیاسییانەدایە کە بەر هێرشی هاککەرەکان کەوتووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرجەم پارتە سەرەکییەکانی ئەڵمانیا جگە لە پارتی (ئەڵتەرنەتیڤ بۆ ئەڵمانیا) بەر هێرشەکە کەوتوون. هەندێک سەرچاوە دەڵێن ناسنامەی هاککەرەکان و هاندەری پشت کارەکەیان دیارنییە، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان بدات، سەرچاوەکان لە نوسینگەی فێدراڵی ئەڵمانیا بۆ زانیاری و سەلامەتی دەڵێن ئەو کارە هاک نەبووە.

+++

کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، میسر داوای لە کەناڵەکە کردووە کە چاوپێکەوتنێکی کەناڵەکە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسردا بڵاونەکاتەوە، بەڵام ئەوان ئەو داوایەیان ڕەتکردووەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە چاوپێکەوتنەکەدا عەبدولفەتاح سیسی دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاری و هەماهەنگیی نزیکیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، هاوکات نکۆڵی لەوەش کردووە کە هیچ زیندانییەکی سیاسیی لە میسردا بوونی هەبێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردبوو کە زیاتر لە ٦٠ هەزار زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکانی میسردان. چاوپێکەوتنەکەی عەبدولفەتاح سیسی بڕیارە ڕۆژی یەک شەممە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە کەناڵی سی بی ئێس نیوز پەخشبکرێت.

+++

ڕۆژنامەی هاریتزی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، عومەر حسێن بەشیر سەرۆکی سودان ڕایگەیاندووە، ئامۆژگاری کراوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە بەمەبەستی سەقامگیرکردنی وڵاتەکەی، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسە ببات کە ئامۆژگاریی کردووە. بەشیر لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی ئاینی وتووشیەتی، ڕزق لە دەستی خودادایە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندان دژی بەرزبوونەوەی نرخی خواردن و سوتەمەنی و کاڵاکان لە سودان دەستیپێکردووە و دوای چەند ڕۆژێکیش داواکاریی خۆپیشاندەران گۆڕا بۆ وازهێنانی عومەر بەشیر لە کورسی دەسەڵات، تا ئێستاش دەیان خۆپیشاندەر کوژراون.

+++

سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا و لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨وە بۆ ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ زیاتر لە سێ هەزار و ٧٩١ ڕووداوی هاتووچۆ لە تایلاند ڕوویانداوە و بەهۆیەوە لانیکەم ٤٦٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، ساڵی ڕابردووش لە هەمان ماوەدا و بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە ٤٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ساڵانە لە تایلاند ٢٢ هەزار و ٩٤١ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانلەدەستدەدەن و ڕێگاوبانەکانی تایلاندی بە یەکێک لە مەرگەساتبارترینی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ناوبردووە. زۆربەی ڕووداوەکانیش بەهۆی ماتۆڕسوارەکانەوەیە و لەو حەوت ڕۆژەی کۆتایی ساڵ و سەرەتای ساڵی نوێدایە، کە بە "حەوت ڕۆژە مەترسیدارەکە" لە تایلاند ناسێنراو