سەردێڕ:

​سعودیە ژمارەیەک وەزیری لە کابینەى حکومەتەکەیدا گۆڕی

فۆتۆ: 
2018-12-28

986 جار خوێندراوەتەوە

پاشاى سعودیە واژۆى لەسەر گۆڕانکارییەکى فراوانى وەزارى کرد لە وڵاتەکەیدا و ژمارەیەک لە وەزیرەکانى گۆڕى کە وەزیرى دەرەوەشى تێدایە.

بەپێى گۆڕانکارییەکان، ئیبراھیم عەساف لە شوێنی عادل ئەلجوبەیر بە وەزیری دەرەوەی سعودیە دیاریکراوە.

ئیبراھیم عەساف کە ئەندامى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى ئارامکۆى نەوتى سعودیەیە، ساڵى ڕابردوو ماوەیەکى کورت بەتۆمەتى گەندەڵى دەستبەسەرکرا، لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەى شازادەى جێنشین بۆ بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى.

هەر لە چوارچێوەى گۆڕانکارییەکاندا ئەمیر عەبدوڵا بەندەر بە وەزیرى پاسەوانى نیشتمانى دیاریکراوە و خالید قەراریش بە بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى و محەمەد عیبان بە راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى دیاریکراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا پاشاى سعودیە بڕیاریداوە بە دیاریکردنى تورکى عەبدوڵا بە وەزیرى راگەیاندن کە یەکێکە لە بەرپرسانى کەناڵى رۆتانا کە خاوەندارێتییەکەى دەگەڕێتەوە بۆ وەلید تەلال ملیاردێرى سعودى کە لەناو ئەو کەسانەدا بوو ساڵى ڕابردوو دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا.

هەفتەى ڕابردووش پاشاى سعودیە بریارى پێکهێنانى سێ دامەزراوەیدا بە ئامانجى باشکردنى کارەکانى دەزگاى هەواڵگرى وڵاتەکەى.

ئەو گۆڕانکارییانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو فشارانەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى روبەڕووى سعودیە بووەتەوە، بەهۆى دۆسیەى کوژرانى جەمال خاشقچى لەناو کونسوڵخانەى ئەو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ لە تشرینى یەکەمى رابردوودا.