سەردێڕ:

میدیاکانی جیهان.. ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ جەنگێکی هەمەلایەنە لە سوریا

فۆتۆ: 
2018-12-25

2028 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

 ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی بڵاویکردووەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، دەستبەرداری کورد بۆ پەکەکە و عەرەب بۆ داعش نابن و گەلی سوریا لە زوڵمی تیرۆریستان دەپارێزن. ئەردۆغان ڕایشیگەیاندووە، یەکێک لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەی کە گەلی سوریا بەدەستیەوە ئازار دەچێژێت دابەشبوونیەتی. سەرۆکی تورکیا وتووشیەتی، هەمان هۆکار بۆ عێراق و یەمەن و لیبیا و سۆماڵیش ڕاستە.

+++

ئاژانسی سپوتنیکی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەردۆغان پێی ڕاگەیاندووە پاشماوەی داعش لە سووریا لە ڕیشە دەردێنێت. ترەمپ وتووشیەتی، ئەردۆغان پیاوێکە دەتوانێت ئەو کارە بکات و تورکیاش هاوسێی سوریایە و سەربازەکانی ئێمەش دەگەڕێنەوە نیشتمان. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم ترەمپ فەرمانی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کرد.

+++

میدڵ ئیست مۆنیتەر ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نێزاڤیسیمایا گازێتای ڕووسی داوە و باس لەوە دەکات، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ جەنگێکی هەمەلایەنە لە سووریا، ئەمەش دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە. ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە کە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ئیسرائیلی ناچارکردووە کە لەڕێگەی هێزەکانییەوە ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە لە سووریا. ئاڤیگدۆر لیبرمان وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا ئەگەری پێکدادانی گەورە لە باکور زیاد دەکات، ئەو پێکدادانەش یان لە سوریا دەبێت یان لە لوبنان.

+++

سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی تسونامییەکەی ئیندۆنیزیاوە لانیکەم ٣٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەسی تریش برینداربوون. وتەبێژی ئاژانسی کارەساتەکانی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاندووە، سەدان بینا و خانوو و ئوتێل زیانیان بەرکەوتووە و دەیان کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن. ئەوەش لەکاتێکدایە لە مانگی ئەیلولدا بەهۆی بومەلەرزە و تسونامییەوە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە ئیندۆنیزیا گیانیانلەدەستدا، لە ساڵی ٢٠٠٤یشدا بەهۆی تسونامی و بومەلەرزەیەک کە گوڕەکەی نۆ پۆینت یەک پلە بوو بە پێوەری ڕێختەر، زیاتر لە ٢٣٠ هەزار کەس گیانیانلەدەستدا.

+++

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، یاریزانێکی بۆکسێنی تەمەن ٢٥ ساڵ کە لەلایەن میدیاکانەوە بە ویلهام مێندێس ناسێنراوە، لە لەندەن بەر چەقۆ دراوە و کوژراوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیان، تەرمی ئەو یاریزانە پرتوگالییە لەلایەن پۆلیسەوە لە تۆتنهام دۆزراوەتەوە و براوەتە نەخۆشخانەیەکی لەندەن. بە تۆمەتی کوشتنی ئەو یاریزانەش پۆلیس دوو کوڕی تەمەن ١٥ ساڵ و ١٦ ساڵی دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەش لەو کەیسە بەردەوامیی هەیە.