سەردێڕ:

باری تەندروستی ئەو پزیشکەی لەناو نۆرینگەکەیدا تەقەی لێکرا باشتربووە

فۆتۆ: 
2018-12-25

4836 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، بژار دەباغ

باری تەندروستی دکتور کەمال ئەحمەد ڕەشید، ئەو پزیشکەی سەرەتای ئەم مانگە و لەناو نۆرینگەکەی خۆیدا تەقەی لێکرا، باشتربووە.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، تەها مەحوی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە دکتور کەمال لە بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەرهێنراوە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، باری تەندروستی دکتور کەمال جێگیرە و بەرەو باشتربوون دەڕوات.

ئێوارەی ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە و لەناو نۆرینگەکەی خۆیدا لە شەقامی ئۆرزدی شاری سلێمانی، دکتۆر کەمال ئەحمەد ڕەشید، بە سێ فیشەکی دەمانچە بریندارکرا.

رووداوەکە کاردانەوەی جیاوازی لەناوخۆی کوردستان لێکەوتەوە و لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان کەسێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی ڕووداوەکە دەستگیرکردووە و تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بەڵام پۆلیس ئامادەنەبوو هۆکاری تەقەکردنەکە ئاشكرابکات.

هەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارەکەی هێنایە بەردەم کامێراکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کە دەموچاوی داپۆشرابوو، هەرچەندە تۆمەتبارەکە داوایکرد ڕێگەی پێبدەن قسە بکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان پێنەدا هیچ قسەیەک بۆ میدیاکان بکات، بە پاساوی ئەوەی دەبێت لە دادگا قسەی خۆی بکات.

ش.ق