سەردێڕ:

سلێمانى..بەشێک لە چالاکانى مەدەنى دژى ڕووداوەکەی چەمچەماڵ گردبوونەوە

گردبوونەوەى ژمارەیەک چالاکەوان
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2018-12-25

2361 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سلێمانى، ژاڵە محەمەد

 سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە(٢٥ى کانونى یەکەمى ٢٠١٨) بەشێک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دژى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى چەمچەماڵ کە بووە هۆى گیانلەدەستدانى  ژنێک و سێ منداڵەکەى گردبوونەوە و داواى سزادانى تاوانبارى ڕووداوەکەیانکرد.

نوێنەرانى بەشێک لە ڕێکخراوەکانى ژنان و کۆمەڵگەى مەدەنی لە گردبوونەوەکەدا ڕایانگەیاند ئەگەر دادگا بەشێوەیەکى ڕێکوپێک کارەکانیان بکەن، ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕوونادەن.

ئاماژە بەوەشدەکەن، حکومەتى هەرێم تۆمەتباران ڕادەستى دادگا ناکات و پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێمیش بڕیارى نادروستیان دەرکردووە سەبارەت بەلێبوردنى گشتى  و تایبەتى بۆ تاوانباران، ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى هاوڵاتیان متمانەیان بە دادگا و یاسا نەمێنێت، بەمەش هاوڵاتیان خۆیان تۆڵە دەکەنەوە.

ڕاشیانگەیاند دەبوو ڕێکخراوى مناڵپارێزى کوردستان یەکەمین ڕێکخراو بووایە کە ئیدانەى ڕووداوەکەى بکردایە.

شەوی (١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ، سێ منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دایکی منداڵەکانیش بەشێکی زۆری جەستەی سوتا و دوێنێش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی گیانیلەدەستدا.

ئ.ر