سەردێڕ:

١٦ ژن و منداڵی ئێزدی بە فڕۆکەیەکی سەربازی لە هەولێرەوە گەیەنرانە فەڕەنسا

ئەو ژن و منداڵانەن کە لە دەستی داعش ڕزگارکراون
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-21

10170 جار خوێندراوەتەوە

گروپێکی ١٦ کەسی کە لە ژنە ئێزدییەکانی ڕزگاربووی دەستی داعش و منداڵەکانیان پێکهاتبوون، ئێوارەی دوێنی گەیشتنە فەڕەنسا و لەلایەن نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییەوە پێشوازییان لێ کرا.


گروپێکی ١٦ کەسی کە لە ژنە ئێزدییەکانی ڕزگاربووی دەستی داعش و منداڵەکانیان پێکهاتبوون، ئێوارەی دوێنی گەیشتنە فەڕەنسا و لەلایەن نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییەوە پێشوازییان لێ کرا.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، لە شاری هەولێرەوە ٨٣ کەس کە ١٦ هاووڵاتیی ئێزدیشیان تێدابووە، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی سەربازییەوە گەیەنراونەتە فڕۆکەخانەی شارل دیگۆلی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە پێشوازیی ئەو ژنە ئێزدییانە و منداڵەکانیاندا بووە.

ئەو ژن و منداڵانە بەشێکبوون لەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی کە لەدەستی چەکدارانی داعش ڕزگارکراون، دوای ئەوەی لەکاتی هێرشکردنە سەر شنگال ڕفێنرابوون.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەمیانی پرۆگرامی پێشوازیکردن لە ڕزگاربووانی ژێر چنگی داعش لە ساڵی ٢٠١٩دا پاریس پێشوازی لە ١٠٠ ژنی دیکەی ئێزدی بکات.

کریستۆف کاستانیر وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا ڕایگەیاند، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا پێشتر بەڵێنی داوە پشێوازی لە ژنانی ئێزدی بکات و، پاریس سەرپەرشتی پێشوازیکردن لەو کەسانە دەکات کە لەدەستی داعش ڕزگارکراون.

وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا لە وتەیەکدا بۆ ئەو ژنە ئێزدییانەی کە تازە گەیشتوونەتە فەڕەنسا دووپاتیکردەوە، ئێوە لە دڵنیاییدان و فەڕەنسا لەپاڵ ئێوەدا دەوەستێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسە فەڕەنسییەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، کاروانێکی دیکەی هاووڵاتییانی ئیزدی لە کانوونی دووەمی داهاتوودا دەگەنە فەڕەنسا و، بۆ یەکەمجاریشە پرۆسەیەک بۆ پێشوازیکردن لە ژنانی ئێزدی بەو قەبارەیە ڕێکدەخرێت.

لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ و دەوروبەری، قەزای شنگال یەکێکبوو لەو ناوچانەی کەوتە بەر شاڵاوی چەکدارانی داعش و بە سەدان هاووڵاتییان لێ کوشتن و، بە سەدان ژن و کچیشیان وەک کەنیزەک برانە بارەگا و ناوچەکانی ژێردەستی داعش و کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە.

ع.م