سەردێڕ:

چالاکییەکانى تایبەت بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان لە هەرێم

فۆتۆ: 
2018-12-18

898 جار خوێندراوەتەوە

لە هەرێمی کوردستاندا یادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کرایەوە و چەندین چالاکی جۆراوجۆریش بەڕێوەچوو.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، خوێندنگەکانی لە ئەنجامدانی چالاکی کلتوری و فەرهەنگی و هونەری سەرپشک کرد.

 پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەش ڕایگەیاند، دەبێت نەوەکانی ئێستا و داهاتوو ئاشنابکرێن بەو ئاڵایەی کە کورد هەزاران شەهیدی داوە لە پێناویدا و داواشی کرد بابەتە نەتەوەیی و پەروەردەییەکان گرنگی پێبدرێت.

لە شاری سلێمانیش چەند چالاکییەکی هونەری و وەرزشی و کلتوری بۆ ڕۆژی ئاڵا ئەنجامدرا، تیایدا سرودی ئەی ڕەقیب و سرودە نەتەوەییەکانی دیکە وترانەوە.

 دڵشاد محەمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت ئاڵاى کوردستان پێویستە هەموومان سەریبخەین بۆئەوەى نەوەکانى داهاتوومان ڕێزى لێبگرن وەکو ڕەمزێکى نەتەوەیی.

هاوشانی خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان، لەناو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و بەشێکی دیکە لە دامودەزگا حکومەییەکاندا مەراسیمی ڕۆژی ئاڵا بەڕێوەچوو، سەرۆکی کاتی پەرلەمانیش لەمەراسیمی هەڵکردنی ئاڵادا، داوای پشتیوانیی لایەنەکانی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت.

لە دوای پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (١٩٩٢)دا، ئاڵای کوردستان لە لایەن ھەندێک لە رێکخراو لایەنەوە هەڵکرا، بەڵام لە ڕۆژی ١١ ‌ی تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٩٩ دا په‌رله‌مانی کوردستان به‌ یاسا ئاڵای کوردستان و ڕه‌نگه‌کانی دیاری کرد و له‌ ساڵی ٢٠٠٨ یشدا به‌ فه‌رمانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، بڕیاردرا ئاڵای کوردستان له‌ پاڵ ئاڵای عیراقدا هەڵبکرێت و هه‌موو ساڵێک له‌ ١٧ى کانوونی یه‌که‌مدا یادی هەڵکردنی ئاڵاى کوردستان ده‌کرێته‌وه.

ئ.ر